رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبەردەم پەرلەماندا بەرگری لە بڕیاری گۆڕینی نرخی دۆلار کرد و رایگەیاند، حکومەتەکەی لەنێوان سێ بژاردەدا بووە. ئاشکراشی کرد، عێراق بەدەست 208 تریلیۆن دینار قەرزی گشتییەوە دەناڵێنێت.
رۆژی پێنجشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026)، عەلی فالح زەیدی گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازی لێکرا. مەبەست لە سەردانەکە روونکردنەوەی هۆکارەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بوو بۆ 1500 دینار.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا گوتی: "لەکاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا، ئابووریی وڵات بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و داخستنی تەنگەی هورمزەوە گەمارۆدرابوو. سێ رێگەمان لەبەردەمدا بوو:
- پەنابردن بۆ پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە و ژیان لەسەر بەڵێن.
- دابەشکردنی مووچە 45 رۆژ جارێک.
- رۆچوون لە ناو قەرزدا کە وڵات خۆی بەرگەی ناگرێت.
زەیدی راشیگەیاند: "ئەو جیاوازییەی پێشتر لەنێوان نرخی فەرمی و بازاڕدا هەبوو، تەنیا دەڵاڵەکان لێی سوودمەند دەبوون."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "کاتێک دەستبەکاربووم، قەبارەی قەرزی گشتی زیاتر لە 208 تریلیۆن دینار بوو. حکومەت مانگانە پێویستی بە 10 تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام سەرباری قەیرانەکان، توانیومانە مووچە دابین بکەین."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا کە مانگی داهاتوو شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەڵێندەران بە دوو ئەوەندە خەرج بکرێن. هەروەها گوتی، بەردەوامن لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی و رۆژی شەممەی داهاتوو بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە کەربەلا، نەجەف و نەینەوا دادەنێن.
هاوکات هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بڕیاری گۆڕینی نرخی دۆلار چوووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ پاشەکشەیەکی تێدا نییە." حەلبووسی جەختی کردەوە کە سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکانیش پشتگیری لەم هەنگاوە دەکەن.


