رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 تەواوکراوە و داهاتی نانەوتی تێیدا بەرزترین ئاست تۆمار دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نەوت و پشکەکەیەوە بەردەوامن.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراق ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـیان بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تەواو کردووە، کە تێیدا داهات، خەرجی و کورتهێنانی پێشبینیکراو دیاریکراون و چەندین پاڵپشتیی دارایی نوێی وەک پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و هەژماری نەوەکانی تێدا جێگیرکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر رۆژی یەکشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکومەت کار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیاساکە دەکات تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی بینێرێتە پەرلەمان.
داهاتی نانەوتی دەگاتە بەرزترین ئاست
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەرزبوونەوەی پشکی داهاتی نانەوتی بەخۆیەوە دەبینێت بۆ لانیکەم 19%، کە بەرزترینە لە مێژووی عێراقدا، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2026 ئەو رێژەیە لە 11% تێپەڕی نەدەکرد.
عەبوودی هۆکاری ئەو زیادبوونەی گەڕاندەوە بۆ رێکارەکانی حکومەت لە "وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پەرەپێدانی سیستمی دیجیتاڵی، بەئۆتۆماتیکیکردنی دەروازە سنوورییەکان و کاراکردنی کۆکردنەوەی باج"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم هەنگاوانە بەهێزکردنی ئابووریی عێراقە لە بەرامبەر هەژانە ئابوورییە چاوەڕواننەکراوەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لەسەر دارایی گشتی.
پشکی هەرێمی کوردستان و داهاتی نەوت
سەبارەت بە دۆسیە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، گفتوگۆ سیاسییەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان یەکێک بوون لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسندکردنی بودجە گشتییەکان لە ساڵی 2003ـەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "لە بودجەدا بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریکراوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لەو بڕە کەمترە."
عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی فیدراڵی ئاماژە و راپۆرتی لەبەردەستە کە دەریدەخەن بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەو بڕە زیاترە کە رایدەگەیێنن، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەوبارەیەوە بەردەوامن.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور نەوت و گاز موڵکی هەموو عێراقییەکانن و پێویستە داهات بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی و ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکییەکانی تایبەت بە داهاتی نەوتی وەک "گرێکوێرەی سەرەکی"ـی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا ماونەتەوە.



