رووداو دیجیتاڵ
لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، تورکیا بە بەهای 8 ملیار و 880 ملیۆن دۆلار دانەوێڵە و پاقلەمەنی هەناردە کردووە. عێراق و هەرێمی کوردستان بە کڕینی زیاتر لە یەک ملیار و 116 ملیۆن دۆلار، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاردا دێن.
بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، کەرتی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی 2026، 7 ملیۆن و 891 هەزار تۆن بەرهەمی هەناردە کردووە.
ئەم هەناردەیە بایی 8 ملیار و 880 ملیۆن و 522 هەزار دۆلار بووە، هەرچەندە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 1.7% کەمیکردووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان کڕیاری یەکەمن
لە ریزبەندیی بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا، زەیتی گوڵەبەڕۆژە بە بەهای 931 ملیۆن و 949 هەزار دۆلار لە پلەی یەکەمدا بووە. دوای ئەویش، بەرهەمەکانی شوکولاتە و کاکاو بە 780 ملیۆن و 791 هەزار دۆلار و پسکیت بە 764 ملیۆن و 962 هەزار دۆلار دێن.
لە ئاستی وڵاتانیشدا، عێراق و هەرێمی کوردستان بە کڕینی یەک ملیار و 116 ملیۆن و 874 هەزار دۆلار، گەورەترین بازاڕی هەناردەی تورکیا بووە لەم کەرتەدا، کە دەکاتە 12.6%ی کۆی گشتیی هەناردە. دوای عێراق، ئەمریکا بە 668 ملیۆن دۆلار و سووریا بە 402 ملیۆن دۆلار دێن.
"متمانە جێگەی نرخ دەگرێتەوە"
نیهات ئویساڵڵی، سەرۆکی دەستەی کەرتی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و تۆوە رۆنییەکان لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و کێشە لۆجستییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک لە جیهاندا داناوە.
ئویساڵڵی ئاماژەی بەوەدا کە لە بازرگانیی جیهانیدا، "دابینکردنی جێی متمانە و گەیاندن لە کاتی خۆیدا" خەریکە جێگەی "نرخی هەرزان" دەگرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا گوتی: "کڕیارە نێودەوڵەتییەکان چیتر تەنیا بەدوای کڕین بە هەرزانترین نرخەوە نین، بەڵکو گەرەنتیی وەرگرتنی کاڵاکانیان لە کاتی خۆیدا و بەبێ کێشە بۆیان گرنگترە."
هەناردەی تورکیا لە دانەوێڵە، پاقلەمەنییەکان لە ماوەی نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم - ئەیلوولی 2026، نزیکەی 4.2٪ی کۆی گشتیی هەناردەی تورکیا و نزیکەی 32.8٪ی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.

