رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی لێدانی هەورەبرووسکە لە یاریگەیەکی تۆپی پێ لە قەزای هیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای ئەنبار ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، لە یاریگەیەکی تۆپی پێ لە قەزای هیت هەورە برووسکە لە چەند کەسێکی داوە و 10 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتیی هیت 10 کەسی وەرگرتووە کە لە قەزاکەدا هەورە برووسکە لێیدابوون. دوو کەس لەوان گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسەکەی دیکەش بریندارن."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی ئەنبار ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم تیمە پزیشکی و تەندرووستییەکان خراونەتە ئامادەییەوە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە بریندارەکان.
قەیسی دڵنیایی دا کە "دۆخی تەندروستیی بریندارەکان باشە و لەلایەن ستافی پزیشکییەوە چاودێریی بەردەوامیان دەکرێ."
