رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعی عێراق نامەیەک ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەکات و دەڵێ، هەڵمەتێکی ترساندن و دەستگیرکردنی کەسانی چالاکی بواری خۆپێشاندان لە بەغدا و ناسریە دەستی پێکردووە. ئەمینداری (هێڵی نیشتمانیی عێراق)یش دەڵێت: "دەبێت بکوژانی خۆپیشاندەرانی تشرین سزا بدرێن".
رۆژی شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، حیزبی شیوعی عێراق پەیامێکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تێیدا هاتووە: "رۆژی22ی تشرینی یەکەمی 2026، زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی فەرمانی دا مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ خۆپێشاندەران بکرێ، بەڵام تەنیا یەک رۆژ دواتر، هێزە ئەمنییەکان پێچەوانەکەیان ئەنجامدا".
بەپێی نامەکە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناسریە، چەندین گەنج و چالاکڤان بانگ کراونەتە بنکەکانی پۆلیس و هەڕەشەیان لێکراوە و ئەفسەرەکان پێیان گوتوون: "خۆپێشاندانەکانتان سەرکوت دەکرێن و رێگە نادەین ناسریە بسووتێنن"، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ترساندنی خەڵک تاوەکو بەشداری لە خۆپێشانداندا نەکەن.
حیزبی شیوعی رایگەیاندووە: "لە ناوچەی کەرادەی بەغداش یەکە هاوبەشەکانی هەواڵگری و پۆلیسی فیدراڵی، ژمارەیەک هاووڵاتییان تەنیا بەهۆی (بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان) دەستگیرکردووە و رەوانەی بنکەی پۆلیسی مەسبەح کراون، کە ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای مادەی 38ی دەستووری عێراق دادەنرێ".
هاوکات عەزیز روبەیعی، ئەمینداری گشتیی رەوتی (هێڵی نیشتمانیی عێراق) بە رووداوی رایگەیاند: "بانگەوازێکی فەرمیمان ئاراستەی ئەندامانمان کردووە تاوەکو سبەی یەکشەممە (25ی تشرینی یەکەم)، شانبەشانی لیژنەی هاوئاهەنگیی دیالۆگی مەدەنی و هێزە نیشتمانییەکانی دیکە، بچنە نێو مەیدانەکانی نارەزایەتی."
ئەمینداری گشتیی رەوتی (هێڵی نیشتمانیی عێراق) رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی لەم جووڵەیە، یادکردنەوەی قوربانییانی تشرین و پێداگرییە لەسەر لێپێچینەوە لە بکوژانی خۆپیشاندەران و هەموو ئەو کەسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر مافی مرۆڤ لە عێراقدا کردووە."
بەشێک لە هاووڵاتییان و چالاکڤانانی مەدەنی لە عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین.
خۆپیشاندانەکانی تشرین لە 1ی تشرینی یەکەمی 2019 لە بەغدا و پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەستیان پێکرد.
هاووڵاتییان دژی گەندەڵی، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری چوونە سەر شەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدییان کرد.
لەو خۆپیشاندانانەدا، نزیکەی 800 کەس کوژران و زیاتر لە 17 هەزار کەسیش بریندار بوون.


