رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی سەبارەت بە هۆکارەکانی رێگریکردن لە خاوەن زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لە پارێزگای نەینەوا پەسندکرد. لەمەودا رێگە بەدروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە دەدرێت. رووداو، وردەکاریی راپۆرتەکە بڵاودەکاتەوە.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێ سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی سەبارەت بە هۆکارەکانی رێگریکردن لە خاوەن زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لە پارێزگای نەینەوا پەسندکرد.
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگاری نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەم شێوەیە لەمەودوا رێگە بەدروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە دەدرێت، کە پێشتر لەلایەن لایەنێکەوە بە پاساوی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیان رێگری لێکراوە، هەر چەندە خاوەن زەوییەکان تۆیان هەبوو.
زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەویی ناوچەی جەلەوخان و قەزە فەخرەن لە سنووری قەزای حەمدانییە لە نەینەوا کێشەیان لەسەرە کە بەر لە 2003 بەسەر هاووڵاتیانی پێکهاتەی عەرەبدا دابەشکرابوون و خاوەنەکانیان تاپۆیان هەیە، بەڵام رێگەیان پێنەدەدراوە بەکاری بهێنن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 30ی حوزەیران بڕیاری دا رێکارەکانی بەناوکردنی ئەو زەوییانە تەواو بکرێن.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هۆکارەکانی رێگریکردن لە خاوەن زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لە پارێزگای نەینەوا، بەپێی فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (73) لە 28ی نیسانی 2026 و فەرمانی ژمارە (74)ی ساڵی 2026 پێکهێنراوە، بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری رێگریکردن لە هاووڵاتییانی خاوەن تاپۆ لە دروستکردنی خانوو لە ناوچەکانی (قەزە فەخرە، جەلیۆخان، ئەلعەباسیە و قۆڵان تەپە) لە پارێزگای نەینەوا.
وێنەیەکی راپۆرتی لیژنەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، لیژنەکە پاش کۆبوونەوە و وەرگرتنی نووسراوی فەرمی لە شارەوانیی مووسڵ، تۆماری خانووبەرە (تاپۆ)، پلاندانانی تەلارسازی و وەرگرتنی زیاتر لە 60 سکاڵای هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو، گەیشتە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:
یەکەم: یاساییبوونی زەوییەکان: زەوییەکانی سنووری جەلیۆخان و قەزە فەخرە دەکەونە ناو سنووری شارەوانیی مووسڵەوە؛ پێشتر بەناوی وەزارەتی دارایی بوون و مافی بەکارهێنانیان کوژێنراوەتەوە لەنێوان ساڵانی 1984 بۆ 2000 و کراونەتە ناوی شارەوانیی مووسڵ. دواتر بەپێی یاسا دابەشکراون بەسەر هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، فەرمانبەران، دیلەکان، کەسوکاری شەهیدان و برینداران و بەشێکیشیان لە رێگەی فرۆشتنی ئاشکراوە لەنێوان ساڵانی 2004 تا 2026 دراونەتە هاووڵاتییان.
دووەم: نەبوونی هیچ رێگرییەکی یاسایی و کارگێڕی: ناوچەکانی قەزە فەخرە و جەلیۆخان لەنێو ماستەرپلانی پەسەندکراوی مووسڵدان و دابەشکراون بۆ نیشتەجێبوون، خزمەتگوزاری، قوتابخانە و شەقام. بەڕێوەبەرایەتییەکانی پلاندانانی شار و شارەوانیی مووسڵ هیچ بڕیار یان رێگرییەکیان نییە بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن و مۆڵەتەکان بەردەوام دراون.
سێیەم: رێگریی هێزە ئەمنییەکان: سەلمێنراوە کە رێگرییەکان لەلایەن خاڵەکانی پشکنینی سەر بە لیوای (30)ی دەستەی حەشدی شەعبییەوە کراون و رێگری لەو هاووڵاتییانە گیراوە کە تاپۆیان هەیە. هەروەها هەمان هێز لە پێشتریشدا رێگری لە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی قیرتاوکردنی شەقامەکان لە ناوچەی جەلیۆخان کردووە و بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ناچاریان کردوون پرۆژەکە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
چوارەم: رەتکردنەوەی بیانووی "گۆڕینی دیمۆگرافی": لیژنەکە دووپاتی کردووەتەوە کە شێوازی دابەشکردنی ئەو زەوییانە بەسەر چین و توێژە جیاوازەکان و بە درێژایی دەیان ساڵ، هیچ پەیوەندییەکی بە "گۆڕینی دیمۆگرافی"یەوە نییە کە لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی (ژمارە 65/فیدراڵی/2013) و ماددەی (23/سێیەم/ب)ی دەستووردا هاتووە. بۆیە رێگریکردن لە خاوەن موڵک پێشێلکردنی روونی ماددەی (23)ی دەستوور و سەروەریی یاسایە.
پێشنیاز و راسپاردەکانی لیژنەکە
لیژنەی پەرلەمانی ئەم راسپاردە و پێشنیازانەی خستووەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق:
یەکەم - ئاراستەکردنی ئەنجوومەنی وەزیران: دەرکردنی رێنماییەکی پابەندکەر بۆ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی پارێزگای نەینەوا بەوەی کە نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگری لە خاوەن تاپۆ فەرمییەکان بکرێت بۆ سوودمەندبوون یان بیناکردن لەسەر زەوییەکانیان مەگەر بە دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکی بنبڕی دادگا بێت، و سەنەدی تاپۆش بە بەڵگەی رەهای خاوەندارێتی دابنرێت.
دووەم - رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە وەزارەتی ناوخۆ: سەرۆکوەزیران (فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان) دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکانی (جەلیۆخان و قەزە فەخرە) و سەرجەم ناوچەکانی سنووری شارەوانیی مووسڵ رادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکات، سەرجەم رێنمایی و رێوشوێنە ئەمنییە نایاساییەکان هەڵبوەشێنێتەوە. هەروەها فەرمان بە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بەتایبەت لیوای (30)ی سەر بە حەشدی شەعبی بکرێت کە خۆیان لە دەستوەردان و رێگریکردن بە بیانووی دیمۆگرافی بەدوور بگرن.
سێیەم - پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نەینەوا: بە سەرۆکایەتیی پارێزگار و ئەندامێتیی (ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، پۆلیس، شارەوانی، تاپۆ و پلاندانان) بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە:
1.لابردنی تەلبەند و بەربەستە خۆڵییە ئەمنییەکان (ساتر) کە لە سەردەمی داعش لە سنووری جەلیۆخان و قەزە فەخرە دروستکراون، لە ماوەی 30 رۆژدا.
2.تەختکردن و رێکخستنی زەوییەکان و بەرزکردنەوەی راپۆرتی خولی (10 رۆژ جارێک) بۆ پەرلەمان.
3.رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی ئەمنی بەسەر زەویی هاووڵاتییاندا.
4.وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان و رەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ دادگە لە ماوەی 30 رۆژدا.
چوارەم - دەستەی دەستپاکی: راسپاردنی دەستەی دەستپاکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر خراپ بەکارهێنانێکی دەسەڵات، سەرانەسەندن یان زۆرداری لە رێگریکردن لە مۆڵەت و کاری بیناسازی و رەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا.
پێنجەم - ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: خێراکردنی یەکلاکردنەوەی ئەو داوایانەی کە پەیوەستن بە بێبەشکردنی هاووڵاتییانی نەینەوا لە موڵکەکانیان بە پێچەوانەی یاسا.
شەشەم و حەوتەم - بەدواداچوون: پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی 30 رۆژدا رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە بۆ لیژنەی پەرلەمانی روون بکاتەوە. لیژنەی لێکۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان لە هەردوو نووسینگەی پەرلەمان لە بەری چەپ و راستی مووسڵ و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.
ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە راپۆرتەکەیان واژۆ کردووە:
پەرلەمانتار جەمیل عەبد مەحموود حەدیدی (سەرۆکی لیژنە)
پەرلەمانتار سومەیە غانم نایف خابووری
پەرلەمانتار سەفۆک عەلی سەلمان عوزێر
پەرلەمانتار موراد ئیسماعیل حەسەن سەیدۆ
پەرلەمانتار شەهد ئەحمەد خەلیل حەمدانی
پەرلەمانتار سەڵاڵ عەلی خەلەف گەرگەری
پەرلەمانتار موختار مەحموود یوسف بابا
پەرلەمانتار مونا حوسێن سوڵتان عاگووب


