رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرنی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەغدای جێهێشت و بە سەردانێکی فەرمی بەرەو کۆماری سووریا بەرێکەوت.
پێش سەردانەکە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا رایگەیاند، پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عێراق و سووریا لەپێش پەیوەندییە سیاسییەکان بن. جەختیش دەکاتەوە لەوەی هەردوو وڵات خاوەنی پەیوەندیی مێژوویی و چارەنووسی هاوبەشن و سووریاش دەروازەیەکی دەریایی ستراتیژییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە (27ی تشرینی یەکەمی 2026)، لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە: "سەردانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، شانشینی عەرەبیی سعودیە و شانشینی ئوردنی هاشمی، هەروەها سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سبەی بۆ کۆماری عەرەبی سووریا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراقە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی بەغدا لە نێوەندگیریی هەرێمی و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان".
قاسم ئەعرەج باس لەوە دەکات کە "ئەم سیاسەتە لەسەر بنچینەی هەڵوێستێکی نەگۆڕی عێراقە کە گرژی و فراوانکردنی بازنەی ململانێکان رەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دیالۆگ و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەکات، بەشێوەیەک کە پێگە و رۆڵی عێراق لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمیدا بەهێز بکات".
رۆژی دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبووەوە، پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها ئەرک و بەرپرسیاریەتیی وڵاتانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتنیش لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران.


