رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت کە ئامادەکاری دەکەن بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک بەشی یەکەم بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر نەوتی پێویست لەبەردەستدا بێت، 50 ملیۆن لیتری دیکەش دەنێردرێت.
د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، لەمیانی بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، باسی لە کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز کرد و رایگەیاند، عێراق بە جیدی کار لەسەر ئەوە دەکات ببێتە ئەندامێکی هەمیشەیی لەو کۆڕبەندە گرنگەدا، کە نزیکەی 20 وڵاتی ئەندام تێیدا بەشدارن و پێکەوە 70%ـی گازی جیهان بەرهەم دەهێنن.
کۆڕبەندەکە لە سێ ئاستی جیاوازدا بەڕێوە چوو. د. عیزەت سابیر ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە بڕیار بوو تەنیا لە کۆبوونەوەی وەزیراندا بەشدار بێت، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پووتین، بانگهێشتی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکەکانیش کراوە. ئەو گوتی: "پووتین پێی باش بوو هەموو نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لەسەر مێزی کۆبوونەوەکە ئامادەبن."
پەیامەکەی پووتین: "نابێت گاز قۆرخ بکرێت"
بە گوتەی د. عیزەت سابیر، پووتین لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە وزە و گاز بە ئاسانی بگاتە دەستی هەموو وڵاتان و نابێت "قۆرخ بکرێت و مەرجی نادادپەروەرانەی بەسەردا بسەپێنرێت." پووتین نموونەی دۆخی وزەی ئەورووپای هێنایەوە و رایگەیاند: "چوار ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی زۆر بە وڵاتانی ئەورووپا درا کە کێشەی گازیان بۆ چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوە دەرەنجامەکەی دەبینن."
پلانی عێراق بۆ بوون بە هەناردەکاری گاز
د. عیزەت سابیر پلانی ستراتیژیی عێراقی بۆ کەرتی گاز خستە روو و رایگەیاند: "لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا، عێراق توانیویەتی 20%ـی ئەو گازەی کە پێشتر دەسووتێنرا و بەفیڕۆ دەچوو، وەبەرهێنانی تێدا بکات." هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا کرد، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبێت تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی سووتانی گاز بگەیێنێتە سفر.
عێراق خاوەنی 150 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازە. د. عیزەت سابیر دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی عێراق ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی گاز هاوردە دەکات، بەڵام خاوەنی یەدەگێکی گەورەیە و لە ماوەی 4 بۆ 5 ساڵی داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە وڵاتانی هەناردەکاری گاز."
50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان
د. عیزەت سابیر هەواڵێکی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، نووسراوێک ئامادە کراوە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەو گوتی: "پێشبینی دەکەم رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت." بەپێی پلانەکە، لە قۆناخی یەکەمدا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و دابەشکردنەکەش لە ناوچە سارد و دوورەدەستەکانەوە دەست پێ دەکات.
بریکاری وەزارەتی نەوت روونی کردەوە کە ئەمە "بەشی یەکەمە" و ئەگەر بڕی پێویست لەبەردەستدا بێت، "بەشی دووەمیش کە 50 ملیۆن لیترە، دەنێردرێت." ئەو هۆکاری کەمبوونەوەی نەوتی سپیی لەمساڵدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێکی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی گازوایل بەکار هاتووە تاوەکو لە وەرزی هاویندا بۆ مۆلیدەکان دابین بکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوتی سپی.

