رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، تەواوی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لەنێو هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراقدا جێگیر کران و سوپای عێراقیش شوێنەکانیانی لەسەر چیای شنگال وەرگرتەوە.
سەباح نوعمان، رۆژی چوارشەممە(28ـیتشرینی یەکەمی2026) رایگەیاند: "ئەم رێکارە ئەمنییانە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، گیراونەتەبەر". راشیگەیاند: "ئەم دۆسیەیە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە و شوێنەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)بە تەواوی رادەستی سوپای عێراق و هێزە فەرمییەکان کراون."
سەباح نوعمان گوتی: "حکومەتی فیدراڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی قەزای شنگال کار دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و خێراکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئامانجی کۆتایی حکومەت بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئیدارەی خۆجێیی قەزاکە تاوەکو حکومەتێک پێکبێت کە ببێتە جێگەی رەزامەندیی خەڵکی شنگال".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتیشی: "کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ناوچە ستراتیژییەکانی وەک چیای شنگال لەلایەن سوپاوە، کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و بەدیهێنانی سەروەریی نیشتمانی، هەروەها چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک و رێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکاندایە".
دوای پەلاماری چەکدارانی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال لە ئابی 2014 و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کوردانی ئێزدی، ئەم هێزە بە هاوکاری و سەرپەرشتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە چیای شنگال دامەزرا.
ئامانجی سەرەتایی هێزەکە پاراستنی ئەو هەزاران هاووڵاتییە سڤیلە ئێزدییە بوو کە لە چیاکە گەمارۆ درابوون، هاوکات دواتریش بەشداریکردن بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە لە دەستی داعش.
یەبەشە باڵێکی چەکداری تایبەت بە ژنانی ئێزدی بە ناوی (یەپەژە - یەکینەکانی ژنانی شنگال) دروست کرد، بە مەبەستی بەشداریکردنی سەربازیی ژنان لە پاراستنی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی داعش.

