رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە ئەندامان و سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان دەدرێت، کە کورد سێ لیژنەی بەردەکەوێت، سێ فراکسیۆنى کوردستانیش پێکەوە داواى سەرۆکی لیژنەیەکیان کردووە.
خشتەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، تەنیا لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش دەنگدانە بە سەرۆکی لیژنە هەمیشەیییەکان.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: کورد سەرۆکی سێ لیژنەی پەرلەمانى بەردەکەوێت.
23 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی عێراق هەن، کە بەگوێرەی ژمارەی کورسی و سازان بەسەر لایەنەکاندا دابەش دەکرێن.
سەلوان ئاکرەیی گوتی، سەرۆکی لیژنەکانی یاسایی، تەندروستی، پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کورد دیاریکراوە، تاوەکو ئێستا بڕیارەکە وایە کە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ یەکێتی و سەرۆکی دوو لیژنەکەی دیکە بۆ پارتی دەبێت.
لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی عێراق نەریتێکی سیاسی هەبووە، کە کاری پێکراوە، بەوەی هەر لایەنێک وەزارەتێکی دیاریکراوی بەدەستەوە بووبێت، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیدار بەو وەزارەتەی لە پەرلەمان نەدەدرایە ئەو لایەنە.
موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، واژۆى زۆربەى لایەنە کوردستانییەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى سەرۆکى لیژنەى پەیوەندەییەکانى دەرەوەى پەرلەمان وەربگرن، کە خۆى بەربژێرێتى.
داواکارى وەرگرتنى سەرۆکى ئەو لیژنەیە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى دادگەرى کوردستان و رەوتى هەڵوێست، بە هەرسێکیان نۆ کورسییان هەیە.
موسەننا ئەمین گوتی، لایەنە کوردستانییەکان لارییان نەبووە لە سەر ئەوەى سەرۆکایەتى لیژنەکە وەربگرن "بەڵام بە تەواوى یەکلا نەبووتەوە. "
تاوەکو ئێستا لیژنەکان لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەشێوەی کاتی سەرۆکایەتی دەکرێن، بەهۆی ئەوەی تەواوی وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق وەزیریان بۆ دیاری نەکرابوو.


