رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دادگەی تاوانەکانی کەرخ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش سزای زیندانیکردنی بەسەر حەوت هاووڵاتیی فەرەنسیدا سەپاند، سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی فەرەنسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە وڵاتەکەیان رێز لە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی دادگەکانی دەگرێت و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە رێکارە دادوەرییەکاندا ناکات.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، شەش لەو تۆمەتبارانە بە زیندانیکردنی تاهەتایی و حەوتەمیش بە 15 ساڵ سزا داوە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سزایانەی دەرچوون لە یاسای سزادانی عێراقیدا بۆ ئەو تاوانانە دیاریکراون کە دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا وەک چاودێر لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە بووە.
چۆنیەتیی رادەستکردن و رەوتی دادگاییکردنەکە
ئەو حەوت سزادراوە بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسیی داعش کە هەڵگری وەڵاتینامەی فەرەنسین و لە تەممووزی ساڵی 2025 لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق کران، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم تەواو کرا، دۆسیەکانیان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کران.
سەبارەت بە رەوتی دادگاییکردنەکە و رەخساندنی مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ تۆمەتباران، سەرچاوە فەرەنسییەکە لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لە ئیمەیڵێکدا روونیکردەوە کە لە دانیشتنەکاندا تۆمەتەکان و ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکانیاندا هەبوون بەسەر تۆمەتباراندا خوێندراونەتەوە و بۆیان روون کراونەتەوە. هەروەها لە کاتی پێویستدا وەرگێڕیان بۆ دابینکراوە و مافی ئەوەیان پێدراوە پارێزەری دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن، تەنانەت پارێزەری فەرەنسیش، بەو مەرجەی پارێزەرێکی عێراقیی هاوڕێی بێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە باڵایە، کاتێک تۆمەتبارەکان داوای پارێزەری راسپێردراویان لەلایەن دادگەوە کردووە، دانیشتنەکان دواخراون بۆ ئەوەی پارێزەرەکان کاتیان هەبێت دۆسیەکان بە باشی بخوێننەوە و بەرگرییەکانیان ئامادە بکەن. ئەوەش رێگر نەبووە لەوەی دواتر پارێزەری فەرەنسی بێتە نێو دۆسیەکەوە.
بەردەوامیی پرۆسەکە و مەترسیی سزادراوان
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ رووداوی ئاشکرا کرد کە پرۆسەی دادگەییکردنی چەند هاووڵاتییەکی دیکەی فەرەنسی لە عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە دانیشتنی نوێ بەڕێوەبچێت، باڵیۆزخانەی فەرەنساش وەک چاودێر ئامادەی ئەو دانیشتنانە دەبێت.
ئەنجوومەنی دادوەری لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سزادراوەکان پۆلێنی "زۆر مەترسیدار"یان بۆ کراوە، ئەمەش بەهۆی رۆڵیان لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تێکدانی سەقامگیری لە عێراق و سووریا، هەروەها دەستوەردان و هاندانیان بۆ کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتانی دیکە.
ئەوانەی سزای زیندانیی
تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، پێکدێن لە لە خدر سەبووعی، عادل
بووعەون، ئەنەس عەبدولرەحمان، زیاد ئەحمەد، بێنجامین ڤانان و مەهدی ئیسماعیل،
ئەمەش "بە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەشداریکردن
لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوەکە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندندا."
هەروەها دادگەکە سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر گەنجێکی تەمەن 24
ساڵدا سەپاند، کە زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دایکی لەگەڵ خۆی بردبوویە نێو رێکخراوە
پەڕگیرەکە لە سووریا.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، محەممەد سەلمان، دادوەری دادگەکە بە هەر
یەک لە سزادراوەکانی گوتووە: "دادگە سزاکەی لە لەسێدارەدانەوە بۆ زیندانیی تاهەتایی
کەمکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی گەنجن و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەرفەتێکتان پێ بدرێت
بۆ چاکسازیکردن لە کەسایەتیتان و راستکردنەوەی رێڕەوی ژیانتان."
پێشتریش لە ساڵی 2019ـدا، لە عێراق سزای لەسێدارەدان بەسەر 11
هاووڵاتیی فەرەنسیدا دەرچوو. پاریس ئەوکات دژایەتیی خۆی بۆ سزای لەسێدارەدان
دەربڕی. دواتر لە قۆناخی پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیاندا، سزاکانیان بۆ
زیندانیکردنی تاهەتایی کەمکرایەوە.

