رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ سێ هاووڵاتیی فەرەنسی دەرکرد، کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دادگایی کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاویکردەوە، سزادانی ئەو سێ کەسە لە دانیشتنێکی دادگەدا بوو بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، ئەم سێ سزادراوە بەشێک بوون لە گرووپێکی 47 کەسی لە هاووڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە رادەستی عێراق کراون، دواتریش دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردن و بەپێی رێکارە یاساییەکان رەوانەی دادگەی تایبەتمەندی کردن.
رۆژی سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا روونیکردبووەوە، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بڕیاری لەسەر دۆسیەی حەوت ئەندامی داعش داوە کە هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسین.
ئەو حەوت کەسەی سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکرا، پێکدێن لە لە خدر سەبووعی، عادل بووعەون، ئەنەس عەبدولرەحمان، زیاد ئەحمەد، بێنجامین ڤانان و مەهدی ئیسماعیل، ئەمەش "بە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەشداریکردن لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوەکە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندندا."
هەروەها دادگەکە سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر گەنجێکی تەمەن 24 ساڵدا سەپاند، کە زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دایکی لەگەڵ خۆی بردبوویە نێو رێکخراوە پەڕگیرەکە لە سووریا.
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی فەرەنسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەیان رێز لە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی دادگەکانی دەگرێت و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە رێکارە دادوەرییەکاندا ناکات.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سزایانەی دەرچوون کە بریتین لە زیندانیی تاهەتایی و 15 ساڵ زیندانیکردن، لە یاسای سزادانی عێراقیدا بۆ ئەو تاوانانە دیاریکراون، کە دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا وەک چاودێر لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە بووە.
سەبارەت بە رەوتی دادگاییکردنەکە و رەخساندنی مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ تۆمەتباران، سەرچاوە فەرەنسییەکە روونیکردەوە کە لە دانیشتنەکاندا تۆمەتەکان و ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکانیاندا هەبوون بەسەر تۆمەتباراندا خوێندراونەتەوە و بۆیان روون کراونەتەوە. هاوکات لە کاتی پێویستدا وەرگێڕیان بۆ دابینکراوە و مافی ئەوەیان پێدراوە پارێزەری دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن، تەنانەت پارێزەری فەرەنسیش، بەو مەرجەی پارێزەرێکی عێراقیی هاوڕێی بێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، پرۆسەی دادگەییکردنی چەند هاووڵاتییەکی دیکەی فەرەنسی لە عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە دانیشتنی نوێ بەڕێوەبچێت، باڵیۆزخانەی فەرەنساش وەک چاودێر ئامادەی ئەو دانیشتنانە دەبێت.
پێشتریش لە ساڵی 2019ـدا، لە عێراق سزای لەسێدارەدان بەسەر 11 هاووڵاتیی فەرەنسیدا دەرچوو. پاریس ئەوکات دژایەتیی خۆی بۆ سزای لەسێدارەدان دەربڕی. دواتر لە قۆناخی پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیاندا، سزاکانیان بۆ زیندانیکردنی تاهەتایی کەمکرایەوە.


