رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق رایدەگەیێنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی نییە و لە کاتی خۆیدا دێت. دەشڵێ، لەگەڵ وەزیرانی کورد هاوئاهەنگیی هەیە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە دادپەروەرانە بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026. رێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی 2027 کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەری هەیە رایگەیاند، "هێشتا بابەتی پرۆژەیاسای بودجە یەکلایی نەکراوەتەوە و پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمانی عێراق لە نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلایی دەکرێتەوە."
رێباز حەملان گوتی: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق داوامان کردووە بەپێی (یاسایی ئیدارەی دارایی) بودجەی بەکاربردن هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەو پێیەی ناکرێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا تەنیا مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردێت."
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ وەزیرانی کورد پەیوەندییەکی باش هەیە و هەندێک لە وەزیرەکانی دیکەی عێراقیش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە دادپەروەرانە بێت بۆ سەرجەم گەلانی عێراق."
سەبارەت بە دۆخی دارایی عێراق، رێباز حەملان روونیکردەوە، "عێراق لە دۆخێکی سەختی ئابووریدایە و تاوەکو ئێستا بودجەی گشتی یەکلایی نەکراوەتەوە، هاوکات، ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ناوچەکەدا هەیە، کاریگەری لەسەر عێراقیش درووست کردووە."
لە بارەی ئەو پرۆژانەی ئێستا لە عێراق کاریان تێدا دەکرێت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند: 300 پرۆژەی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام بەشێک لە پرۆژەکانیش وەستاون و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و بخرێنەوە بواری جێبەجێکردن.

