رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هاوخەم و هاوسۆزی تەواوی حکومەتی بۆ گەلی ئیسپانیا دەربڕی بەهۆی رووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری گواستنەوەی سەرنشینان کە زیانی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە هەواڵی پێکدادانی شەمەندەفەرەکانمان لە ئیسپانیا پێگەیشتووە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانی قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین".
لە راگەیێندراوەکە هاتووە: "عێراق بە تەواوی پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی بۆ شانشینی ئیسپانیا دووپات دەکاتەوە و ئامادەی پشتگیریکردنە لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم رووداوە ئەنجام دەدرێن."
بەپێی نوێترین ئامارەکان، بەهۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێکی خێرا بە شەمەندەفەرێکی دیکەدا کە لەسەر هێڵەکە وەستابوو، لانیکەم 69 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. حکومەتی هەرێمی (کاستیا لا مانشا) پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا 58 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەری پزیشکیدان.
بێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، کە لەسەرانسەری وڵاتدا بۆ ماوەی سێ رۆژ (لە شەوی چوارشەممەوە تاوەکو رۆژی شەممە) ماتەمینیی نیشتمانی رادەگەیێنرێت. ئەمە دووەم رووداوی خوێناوی و گەورەی شەمەندەفەرە لە ئیسپانیا لە ماوەی ئەم ساڵدا.



