رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری داخستنی دەروازەی شیب لەگەڵ ئێران پێکدەهێنێت و راپۆرتێک لەبارەوە دەدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لە بارەی داخستنی دەروازەی شیب لە ئەندامانى لیژنەکەیان دروست کراوە و بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنە پەیوەندارەکان دەکەن هۆکاری داخستنی ئەو دەروازەیەیان بۆ روون بکەنەوە".
لە 21ی تشرینی یەکەمەوە دەروازەی شیب لە مەیسان لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار داخرا، حکومەتی عێراق راگەیاند، داخستنەکە بەهۆی ئەوە بووە دەروازەکە لە رووی تەکنیکی و ئەلیکترۆنییەوە ئامادە نەبووە. ئەو بڕیارە خۆپێشاندانی لەو پارێزگا زۆرینە شیعەیە لێکەوتەوە.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، بڕیارە تاوەکو هەفتەی داهاتوو لیژنەی لێکۆڵینەوەکە راپۆرتێک لەبارەی هۆکاری داخستنی دەروازەی سنووریی شیب ئامادە بکات و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکات.
دەروازەی شیب لە سنووری پارێزگای مەیسان هاوسنووری پارێزگای خوزستانی ئێرانە و بە یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی هاوردەکردنی کاڵا لەو وڵاتەوە بۆ عێراق دادەنرێت.



