رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی لادانی قاسم ئیبراهیم حافز لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک و پابەندکردنی پارێزگار بە گەڕاندنەوەی بۆ سەر کارەکەی.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دادگەی باڵای کارگێڕی تانەکەی محەممەد سەمعان پارێزگاری کەرکووکی رەتکردووەتەوە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی پێشووی دادگەی فەرمانبەرانی کردبوو.
لە 28ی حوزەیرانی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا بووەتە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق، فەرمانێکی کارگێڕیی دەرکردووە بۆ لادانی قاسم حافز لە پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون.
دواتر قاسم حافز تانەی لەو بڕیارە دا و دادگە لە 9ی ئابی 2026 فەرمانی لادانەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی دا.
بڕیاری کۆتایی دادگە
رۆژی هەینی، 30ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و برای قاسم ئیبراهیم حافز هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتراستکردەوە، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەدا.
دادگەی باڵای کارگێڕی دوای وردبینیکردن لە کەیسەکە، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بڕیارەکەی دادگەی فەرمانبەران راست و یاساییە و تانەکەی (محەممەد سەمعان)ی رەتکردەوە، بەمەش بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە و دەبێت پارێزگاری کەرکووک قاسم حافز بگەڕێنێتەوە سەر پۆستەکەی.
لە 5ـی 9ـی2024، بە بڕیاری رێبوار تەها، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک، قاسم ئیبراهیم حافز وێڕای پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگا، ئەرکی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی پێسپێردرا.
لە 28ـی6ـی2026، محەممەد سەمعان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری لادانی قاسم ئیبراهیم حافزی دا لە پۆستەکەی و لە جێگەی فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی کەرکووکی دانا.
دادگەی باڵای کارگێڕیی عێراق سەر بە ئەنجوومەنی دەوڵەتە و ئەرکی یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە یاساییانەیە کە لەنێوان فەرمانبەران و دامەزراوە حکومییەکاندا دروست دەبن.


