رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی یەک لیژنە بۆ پێکهاتەکان دانراوە کە بەر تورکمان دەکەوێت و کریستیانەکانیش داوای سەرۆکی لیژنەیەکی دیکە دەکەن.
گفتوگۆی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان نەگەیشتە رێککەوتنی کۆتایی و بەو هۆیەوە دەنگدان لەسەر ئەو سەرۆک لیژنانە لە دانیشتنى 29ی تشرینی یەکەم بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
سامى ئۆشانە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوای سەرۆکی لیژنەیەکمان کردووە، بەوپێیەی گەورەترین فراکسیۆنی کریستیانین و لە بەرامبەردا فراکسیۆنی بابلیون پێشتر بڕیاردەری پەرلەمانی وەرگرتووە".
20 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی عێراق هەن، کورد تاوەکو ئێستا سێ لیژنەی بەرکەوتووە.
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سەرۆکی یەک لیژنە بۆ پێکهاتەکان دانراوە، ئەوەش دراوە بە تورکمانەکان.
بڕیارە ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پێکهاتەی تورکمان سەرۆکایەتیی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانى عێراق وەربگرێت.
کلدۆ رەمزی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا داواکارییان بۆ وەرگرتنی سەرۆکی لیژنەیەکی دیکە یەکلا نەبووەتەوە و ئەگەر ئەوەیان نەدەنێ داوای جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی دەکەن.
لە پەرلەمانی عێراق هەشت پەرلەمانتاری تورکمان و پێنج پەرلەمانتاری کریستیان هەن کە نوێنەرایەتىی دەنگدەرانیان دەکەن لە هەرێمى کوردستان، نەینەوا، کەرکووک و بەغدا.


