رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێ، لە سەردانێکی لەناکاودا بۆ دەروازەی ترێبڵی سنووری ئوردن، توانرا چەندین ساختەکاری ئاشکرا بکرێن. گوتەبێژی دەستەکە دەڵێ: "هەوڵەکە شکستی پێنەهێنرایە، زیاتر لە 410 ملیۆن دینار زیان بە داهاتی گشتی دەکەوت."
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی2026، بە رووداوی راگەیاند، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەکە "بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە دەروازەی ترێبڵ و چەند ساختەکارییەکی ئاشکرا کرد".
دەستەی دەروازە سنووورییەکانی عێراق دەستی بەسەر چوار بارهەڵگردا گرتووە کە دەستکاریی جۆری کاڵاکانیان کرابوو تاوەکو باجی کەمتریان لێ وەربگیرێ.
هەروەها سێ بارهەڵگر کێبڵی کارەباییان بارکردبوو، بەڵام بۆ ئەوەی باجی کەمتر بدەن، ناسنامەی کاڵاکەیان گۆڕیبوو بۆ (تەلی مسی) کەمتر لە 6 ملیم.
وەک عەلائەدین قەیسی گوتی، ئەم کارە دەبووە هۆی ئەوەی بۆ هەر بارهەڵگرێک 122 ملیۆن دینار باج نەدرێ، کە کۆی گشتیی بۆ سێ بارهەڵگرەکە دەیکردە 366 ملیۆن دینار.
بارهەڵگری چوارەم، ئامێری (پاکەتکردنی) بار کردبوو، بەڵام وەک (ئامێری کەپسکردنی ئالیک) تۆمارکرابوو تاوەکو لە بری کێشانە (بە تۆن)، تەنیا بە پێی ژمارە باجەکەی وەربگیرێ، ئەمەش 44 ملیۆن دینار زیانی لە داهاتی دەوڵەت دەدا.
دەروازەی ترێبڵ لە پارێزگای ئەنبار، شادەماری بازرگانیی نێوان عێراق و ئوردنە.
