رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆبێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر هیچ پێشهاتێک روو نەدات، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆبێتەوە و پرۆژەکە پەسند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات".
بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەفتانە رۆژی سێشەممە کۆدەبێتەوە، سەرچاوەکە گوتی: "کۆبوونەوەکە تەنیا تایبەت دەبێت بە پرۆژەیاسای بودجەی 2027".
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات. بەڵام پەرلەمان سەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە پشووی یاسادانانەوە، ئەو ماوەیەش زۆر کەمە بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی پڕۆژەکە."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "پڕۆژەیاسای بودجە پێویستی بە خوێندنەوەی یەکەم، دووەم و دواتر دەنگدانە، هاوکات ناکۆکیی زۆریشی لەسەر دەبێت و کاتی زیاتری دەوێت؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە پەسندکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."



