رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی لە عێراق دەستگیرکردنی دوو بەرپرسی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسڕیە لە پارێزگای زیقار راگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییەک لە بەرامبەر بێدەنگبوونیان لە زێدەڕۆیی.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە نووسینگەی زیقار توانیویانە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا، بەرپرسی هۆبەی زیادەڕۆیی لە یەکێک لە بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسڕییە بە تاوانی بینراو دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردووە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی بیناکردن و زێدەڕۆیی.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبار هاووڵاتییەکەی فریوداوە بەوەی پێبژاردنێکی زۆری دارایی دەکەوێتە سەر بەهۆی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی، بەڵام ئەگەر بڕە پارەیەک بدات چاوی لێ دەپۆشێت و رێگەی پێدەدات بەردەوام بێت لە بیناکردن. دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتباری یەکەم دانی بەوەداناوە کە بەڕێوەبەری بەشەکەشی بەشدارە لە دابەشکردنی پارەی بەرتیلەکە، بەو هۆیەوە لە بۆسەیەکی تۆکمەدا بەڕێوەبەری بەشەکەش لە کاتی تاوانەکەدا قۆڵبەست کرا.
دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ تۆمەتبارێکی سێیەم کە ئەویش فەرمانبەری شارەوانییە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوە، براونەتە بەردەم دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە زیقار و بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 لە یاسای سزادان، بڕیاری راگرتنیان بۆ لێکۆڵینەوە دەرکراوە.


