رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نێوەندگیر هەڵبوەشێنرێتەوە و گرێبەستە سەربازییەکان لە رێگەی دەستەی پیشەسازیی جەنگی و مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا دروستکەرەکان بکرێن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی دەستەی پیشەسازیی جەنگی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری تواناکانی بەرهەمهێنان و ئاستی پێشکەوتنە تەکنیکییەکانی ئەو دەستەیە بوو لە بواری پیشەسازیی سەربازیدا.
سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەستەکە، جەختی لە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بەرهەمی نیشتمانی و پیشەسازییە جەنگییەکان کردەوە و رایگەیاند، عێراق خاوەنی ئەو توانایەیە کە پێداویستییە سەربازییەکانی بە دەست و شارەزایی ناوخۆیی دروست بکات.
عەلی زەیدی فەرمانی دا کەرتی تایبەت بەشدار بکرێت و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکاندا فراوانتر بکرێت، هاوکات جەختی کردەوە لە "پێویستیی مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا دروستکەرە بنەڕەتییەکان و قەدەخەکردنی یەکجارەکیی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نێوەندگیر، لەپێناو دەستەبەرکردنی شەفافییەت لە گرێبەستەکاندا، بڕینی دەستی نێوەندگیرەکان و بنبڕکردنی گەندەڵی و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نایاسایی."
عەلی زەیدی بنیاتنانی پیشەسازییەکی سەربازیی پێشکەوتووی بە "کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەروەریی نیشتمانی" دانا کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی عێراق، لەگەڵ گرنگیدان بە توێژینەوە و پەرەپێدان و هاوتەریببوون لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێنمایی دا بە دروستکردنی هاوئاهەنگی و تەواوکاری لە نێوان دەستەی پیشەسازیی جەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکان، تاوەکو پێداویستییە راستەقینەکان دەستنیشان بکرێن و بەرهەمهێنان بەپێی ئەولەوییەتەکان ئاراستە بکرێت.
.webp&w=3840&q=75)

