رووداو دیجیتاڵ
داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی بەعس، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کە لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراقەوە وەردەگیرێن.
وەرگرتنی ئەو داواکارییانە لە 28ـی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، ئەویش لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەو دەستەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو داواکارییە هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی تاوانەکانی بەعس لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، هاوشێوەی هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە."
دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق دەرگەی پێشکەشکردنی داواکاری بەدەستهێنانی مافی قوربانییان و زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی بەعس کردووەتەوە.
ئەو فۆڕمە ئەلیکترۆنییەی پڕ دەکرێتەوە داوای ناوی چواریی زیانلێکەوتوو، شوێنی نیشتەجێبوون و کارەکەی بەر ساڵی 2003 و دواتر دەکات، لەگەڵ وردەکاریی ئەو زیانەی بەریکەوتووە و بەڵگەنامەی پێویست لەبارەی ئەو رووداوەی بەسەری هاتووە لەگەڵ زیانەکەی. هەروەها دەبێت بەڵێن بدات کە سەرجەم ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی پێشکەشی دەکات راستن، ئەگەرنا بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵدەگرێت.
سەرچاوەکەی رووداو لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری رایگەیاند، ئێستا دەستەکەیان نووسینگەی لە هەرێمی کوردستان نییە و سەرقاڵی تاوتوێی کردنەوەی نووسینگەیەکن کە پێویستی بە رەزامەندیی هەردوو حکومەت و هاوئاهەنگیی نێوانیانە. تاوەکو ئەو کاتەی نووسینگەکە دەکرێتەوە ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە فۆڕمی قەرەبووەکە پڕدەکەنەوە و مامەڵەکانیان وەردەگیرێت، دەتوانن لە نووسینگەکانی دەستەکە لە نەینەوا و کەرکووک مامەڵەکانیان رایی بکەن، کە نزیکن لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.
ئەو ئیمەیڵانەی کە دەستەکە دایناون بۆ ناردنی داواکارییەکان:
invest@sncaj.gov.iq
Humanrightsdepartment25@sncaj.gov.iq
ژمارەی دەستەکە بۆ پەیوەندی لە کاژێر 7ـی بەیانی تاوەکو 2ـی پاشنیوەڕۆ:
07873931421




.webp&w=3840&q=75)