رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئاشکراشی کرد، حکومەتەکەی سیاسەتی "دەرگای کراوە" بەرامبەر کۆمپانیا بیانییەکان پەیڕەو دەکات تاوەکو پرۆژەی بۆریی نەوت بۆ دەریای نێوەڕاست و دەریای سوور جێبەجێ بکەن.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) پێشوازی لە نوێنەرانی هاوپەیمانیی ئەو کۆمپانیایانە کرد کە بەشدارن لە پڕۆژەی بۆریی نەوتی عێراق بۆ بەندەرە دەرەکییەکان و رایگەیاند: حکومەت هەوڵدەدات هەموو ئاستەنگە (کارگێڕی و بیرۆکراسییەکان) لابدات تاوەکو کۆمپانیا بیانییەکان بە ئاسانی کار بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، حکومەتەکەی رژدە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. گوتیشی: "ئێمە هەموو بەربەستەکان لەبەردەم ئەم پڕۆژەیە لادەبەین، چونکە زیادبوونی داهات و گەشەپێدان پێگەی عێراق لە دابینکردنی وزەی جیهانی بەهێزتر دەکات و کاریگەریی راستەوخۆشی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت."
زەیدی باسی لەوەش کرد، هاوبەشیی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان دەرەنجامی ئەرێنیی دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوبەشییەکان لەگەڵ عێراق دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیریی وڵاتدا."


