رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی عەلی زەیدی دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە "نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان عەلی فالح زەیدی و دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراوە و تێیدا تاوتوێی "دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و ئاسۆی قۆناخی داهاتوو کراوە."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باس لە گرنگیی هەماهەنگی و راوێژی نێوان بەغدا و واشنتن بەرامبەر بە ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان کراوە، لەگەڵ "کارکردن لەسەر پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بە جۆرێک یارمەتیدەر بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان."
سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق لەبارەی ئاڵۆزییەکان، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، عەلی زەیدی جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردووەتەوە بۆ رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و "بەکارنەهێنانی خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پێویستیی پەنابردنە بەر چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگی بنیاتنەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری."
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە جێی بایەخە هاوبەشەکان کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بگەیەنێت.


