رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی کەرکووک - تکریت، پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیش بریندار بوو.
عومەر عجێلی، بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سەلاحەدین، رۆژی شەممە (7ی تشرینی دووەمی 2026) بە رووداوی رایگەیاند: "رووداوەکە لە سنووری ناحیەی رەشاد (باشووری کەرکووک) روویداوە. ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە خێزانێکی تێدابووە، خۆی بە بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری (کیا)دا کێشاوە".
بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سەلاحەدین گوتی: "پێنج کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە ئەندامی یەک خێزانن، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان دکتۆر زێدان جاید، پزیشکی پسپۆری هەناوە کە مامۆستا بوو لە زانکۆی تکریت. تەنیا کچێکی بچووکیان لە رووداوەکە بە زیندوویی ماوە کە بریندارە و بۆ نەخۆشخانەی کەرکووک گواستراوەتەوە".
تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکانیان رەوانەی داد پزیشکی تکریت کردووە.


