رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەک بەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێ و گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، نەوتەکە ئامادەیە و چاوەڕێی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ وەرگرتنی.
رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رێکارە تایبەتەکانی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و نەوتەکە ئامادەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتن و پاشانیش دابەشکردنی نەوتەکە لەلایەن خۆیانەوە."
بە گوتەی سەلیم روکابی، هەر دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەستیان بە ئامادەکردنی 50 ملیۆن لیترەکە کردووە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 2ی ئەم مانگە بڕیاری ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دا و رۆژی چواری مانگیش، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان.
نرخی نەوتەکە بە هەمان نرخی دیاریکراوی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت کە بۆ هەر لیترێک 250 دینارە؛ بەم پێیەش نرخی یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتری لەسەر هاونیشتمانییان دەکاتە 50 هەزار دینار.



