رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رێککەوتنی تایبەت بە رێکخستنی کاروباری حاجیانی عێراق بۆ وەرزی داهاتووی حەج واژۆ کراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەکە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا، سامی مەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لەگەڵ د. تۆفیق بن فەوزان رەبیعە، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە، بە فەرمی رێککەوتننامەی هاوبەشی وەرزی نوێی حەجیان واژۆ کرد.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی "هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان بەغدا و ریازە بۆ ئاسانکاری لە رێکارەکانی بەڕێکردن، نشینگە و گواستنەوەی حاجیانی عێراقی و دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجدا."
لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەکەدا، سامی مەسعوودی ستایشی هاوکارییەکانی دەسەڵاتدارانی سعودیەی کرد بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری بۆ حاجیانی عێراق و جەختی کردەوە، دەستەکەیان هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئەو ئاستە بەرزەی خزمەتگوزاری کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا پێشکەشیان کردووە، لە وەرزی داهاتووشدا بەردەوام بێت.
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێشوەختە سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانیان تەواو کردووە، لەوانەش گرێبەستی هۆتێل و شوێنی مانەوەی گونجاو لە مەککە و مەدینە، دابینکردنی کەرتی گواستنەوەی هاوچەرخ و ژەمە خۆراکەکان، بەجۆرێک کە شایستەی حاجیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.


