رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە هەندێک ناوچە تاوەباران ببارێ و لە چەند شوێنێکیش تەم دروست دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە هەندێک لە ناوچەکانی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان، کەشەکە نیمچەهەور دەبێت و تاوەباران و هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت، هەروەها لە هەندێک ناوچە تەمی سووک دروست دەبێت و بە تێپەڕبوونی کات نامێنێت.
بەرپرسەکەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەمڕۆوە و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ، نزیکەی شەش پلە دادەبەزێ، مەودای بینینیش لە کاتی تەمدا بۆ 2-4 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
مەحموود عەبدوللـەتیف باسی لەوەش کرد کە رۆژی سێشەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە پلەی گەرما لە ناوچەکانی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان زیاتر دادەبەزێ و لە چەند ناوچەیەکیش تەم دروست دەبێت.



