رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی عێراق سزای ساڵێک زیندانیی بۆ محەممەد سەیھوود، پەرلەمانتاری عێراق دەرکرد، بە تۆمەتی "کەڵەکەبوونی نایاسایی سامان"؛ پابەندیش کراوە بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند: "دادگەی تاوانەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ محەممەد سەعدون حاتەم سەیھوود ئەلسوودانی دەرکرد".
بەپێی بڕیاری دادگە، کە پاڵپشتە بە یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2011، محەممەد سەیھوود پابەندکراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی دوو ملیار و 267 ملیۆن دیناری عێراقی، لەگەڵ 155 هەزار و 350 دۆلاری ئەمریکی، کە وەک زیادەی نایاسایی لە سامانەکەیدا دەرکەوتووە.
هەروەها سەپاندنی پێبژاردنی دارایی کە یەکسانە بە هەمان ئەو بڕە پارەیەی کە بە نایاسایی دەستی کەوتووە.
کۆی گشتیی ئەو پارەیەی کە دەبێت ئەو کەسە بیگەڕێنێتەوە، زیاتر لە پێنچ ملیار دینارە.
دادگە بڕیاری داوە بە بەردەوامبوونی دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی محەممەد سەیھوود. هەروەها مافی داوە بە دەستەی دەستپاکی کە دوای کۆتاییهاتنی دۆسیەکە، داوای قەرەبووی زیانەکانیش بکات.


