رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بۆ کشانەوە لە بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک پشتڕاستکردەوە، بەپێی رێککەوتنەکە ئەنقەرە لە باشیک دەکشێتەوە و شەڕڤان لە شنگال نامێنن.
رۆژی یەکشەممە 8-11-2026 نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێرا رایگەیاند:" بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە 23ی ئەیلوولی 2026 پێی گەیشتن، لایەنی تورکی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کراوە، رایدەگەیێنێت کە دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکات لەلایەن خۆیەوە بۆ رادەستکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازگەی باشیک-زیلکان بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق.''
هەر رۆژی یەکشەممە،8-11-2026 تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی نیشتمانی عێراق کرد، ئایا راستە تورکیا یەکلایی کردووەتەوە و بەڵێنی داوە، بنکەی سەربازی باشیک چۆڵ بکات؟
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند:" بەڵێ راستە، بەڵێنیان داوە بنکەکە رادەست بکەن .''
لیژنەی باڵای هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کۆبووەوە و لەسەر سێ خاڵی سەرەکی رێککەوتن؛ بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا بە قۆناخ لە سەربازگەی باشیک دەکشێتەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال دەسەپێندرێت.
خاڵەکانی رێککەوتن ئەمانەن:
یەکەم: بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە 23ی ئەیلوولی 2026 پێی گەیشتن، دەسەڵاتدارانی تورکیا و عێراق جەختیان لە ویستی هاوبەشیان کردەوە بۆ بەردەوامیدان بەو هەنگاوە جێی ستایشانەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق تاوەکو ئێستا بۆ سەپاندنی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان ناویانە.
دووەم: لایەنی تورکی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کراوە، رایدەگەیێنێت کە دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکات لەلایەن خۆیەوە بۆ رادەستکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازگەی باشیک-زیلکان بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
سێیەم: لەپێناو پشتڕاستکردنەوە و سەرپەرشتیی هاوبەشی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەی کە لە شنگال بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان دەستیپێکردووە، هەردوولا بڕیاریان دا لیژنەی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش کارا بکەنەوە، بەگوێرەی ئەوەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
رۆژی 26-10-2026 لە رێورەسمێکدا کە لە چیای شنگال بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی عێراق بەڕێوەچوو، 2,000 ئەندامی یەکەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا بە فەرمی تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوون.



