رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک بەر لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە لە دژی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەریکردبوو، باسی لە هێرشەکانی پێشووی سەر کێڵگەکە کردبوو.
شەوی یەکشەممە 8-11-2026 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمبوونەوە.
وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و کارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هێرشەکەیان بە "تیرۆریستی" نێوبرد و رایانگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی "هێرشە تیرۆریستییەکە" کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.
سەرچاوەیەک لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکە بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان (Truck Loading) کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام ئێستا ئاگری کێڵگەکە نزیکە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت."
کەناڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە پێشتر بە هێرشکردنە سەر کێڵگەکە تۆمەتبار کراون، بە پێچەوانەی هێرشەکانی رابردوو بۆ سەر کێڵگەکە، ئەمجارە دەستەواژەی "هێرشی دووژمنکارانە"یان بەکارهێنا.
رۆژێک بەر لە هێرشەکەی شەوی 8ی تشرینی دووەم، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە راگەیێندراوێکی توونددا وێڕای رەتکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەکان، تۆمەتی کەڵەکەبوونی سامانی 21 تریلیۆن دیناری دەخاتە پاڵ عەلی زەیدی و هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆریش کرد.
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا نووسیبووی: "نامانەوێت هەموو نهێنییەکان بخەینە بەردەم رای گشتی و نامانەوێت دۆسیەکانی کێڵگەی (کۆرمۆر) و هاندان بۆ بەئامانجگرتنی بە مەبەستی باجسەندن لە ئیمارات هەڵدەینەوە، چونکە ئەوەی ماڵەکەی لە شووشە بێت، نابێت بەرد لە ماڵی خەڵک بگرێت."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
کێڵگەکە لە ماوەکانی رابردوودا رووبەرووی چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە. هەرچەندە حکومەتی عێراق زیاد لە جارێک لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە بارەی هێرشەکانی پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەستگیر نەکراوە.
دوای ئەم هێرشەش عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ورد لەبارەی هێرشەکە.
بەپێی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هێرشەکە کاژێر 23:10ـی شەوی یەکشەممە، 8ی ئەم مانگە کراوە و کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج.



