رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، حکومەتەکەی لە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بنبڕکردنی گەندەڵی و کاراکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە؛ هاوکات داوا لە پەرلەمان دەکات بە پەلەکردن لە دەرکردنی یاسا گرنگەکان پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت بکات.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت سوورە لەسەر "بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدانێکی هەمەلایەنە و بەردەوام."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی کرد بە "بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە پشت بە سەروەریی یاسا و دامەزراوە کاراکان ببەستێت، لەگەڵ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لە لەپێشینە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی کارنامەی حکومەتن."
زەیدی داوای لە فراکسیۆنە پەرلەمانتارییەکان کرد رۆڵی خۆیان لە پاڵپشتیکردنی رێڕۆی یاساداناندا بگێڕن لە ڕێگەی پەلەکردن لە پەسندکردنی یاسا هەنووکەییەکان، هاوکات چالاککردنی رۆڵی چاودێری بۆ ئەوەی دەزگا چاودێرییەکان بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەسەر گرێبەستە حکومییەکان و سامانی گشتیدا رابگەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ( 10ی تشرینی دووەمی 2026)، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق ئەم قسانەی کرد.
هەر لە دیدارەکەدا چارەسەرکردنی کێشەی کەرتی کارەبا لەڕووی زیادکردنی بەرهەمهێنان و دادپەروەری لە دابەشکردنی پشکی پارێزگاکان، بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان، خەرجکردنی شایستەی دارایی بەڵێندەران و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان تاوتوێ کران.
