رووداو دیجیتاڵ
لەنێو بارەگای فەوجی فریاکەوتنی رەسافە لە بەغدا شەڕ دروستبوو و وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێ.
شەڕەکە رۆژی سێشەممە ( 10ی تشرینی دووەمی 2026) لەنێو بارەگای فەوجی حەوتەمی فریاکەوتنی رەسافە سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا/رەسافە روویدا، دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوان دوو ئەفسەر دروستبوو و تەقەی تێدا کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەو شەڕە بکرێ " کە لە ئەنجامی کێشەی کۆنی کەسییەوە پەرەی سەند و گەیشتە تەقەکردن."
وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی کردووە سەرپێچیکار دەستبەسەر بکرێ و بەپێی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەکاتەوە و رایگەیاندووە چاوپۆشی لە هیچ کارێک ناکرێت کە لە چوارچێوەی رێکارە پیشەیی و یاساییەکان دەربچێت.
