رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی "زۆر نهێنی"ـی عێراقی کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی مەیدانی بەستووە، تۆڕێکی رێکخراو و بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناحیەی جورف نەسر (جورف سەخر)ـی سەر بە قەزای موسەییەب لە پارێزگای بابل ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
بەپێی داتاکانی بەشی هەواڵگری، قاچاخچییەکان لە نزیک (یەکتربڕی بەهبەهانی) و بە دووری تەنیا 1 تاوەکو 4 کیلۆمەتر لە شەقامی سەرەکیی (بەغدا - بابل)، بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوتی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کون کردووە. بۆ گواستنەوەی نەوتە دزراوەکە (کە تاوەکو ئێستا روون نییە نەوتی خاوە یان بەرهەمی پاڵێوراو)، تانکەری گەورە بەکاردەهێندرێن کە هەر یەکێکیان 36 هەزار لیتر دەگرێت.
خاڵەکانی بارکردن
بەگوێرەی راپۆرتەکە کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە، نەوتەکە لە دوو شوێن بار کراوە:
یەکەم: تەنیا 342 مەتر لە بۆرییە نەوتییەکەوە دوورە و لە دوو خانوو پێکهاتووە کە دارخورمایان تێدایە. لەنێوان شوباتی 2024 تاوەکو تەممووزی 2026، بەردەوام تانکەرەکان (لە 1 تانکەرەوە بۆ 3 تانکەر لە یەک کاتدا) لەو شوێنە خەریکی بارکردن بوون و تاوەکو ساڵی 2026ـیش چالاکییەکانی بەردەوام بووە.
دووەم: بە دووری 962 مەتر لە بۆریی نەوتەکەوە، چاڵێکی گەورەی نەوت لەناو زەویدا دروست کراوە. لە حوزەیرانی 2021 تاوەکو تەممووزی 2026، چاودێریی چڕی تانکەرەکان لەم خاڵە کراوە؛ بە شێوەیەک لە 01-06-2021ـدا 4 تانکەر، لە 23-10-2021ـدا 3 تانکەر، لە 30-11-2021ـدا 7 تانکەر و لە لووتکەی چالاکییەکاندا لە رۆژی 30-10-2022ـدا 21 تانکەر لە یەک کاتدا سەرقاڵی بارکردن بوون، هەروەها لە ساڵانی 2025 و 2026ـیشدا بە تێکڕا 3 تانکەر.
بنیادنانی پاڵاوگەی نهێنی و تەکنیکەکانی خۆشاردنەوە
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات تانکەرەکان دوای پڕکردنیان، نەوتەکە دەگوازنەوە بۆ کۆگایەکی سەرەتایی و دوو پاڵاوگەی بچووکی نهێنی کە بە دووری 7 کیلۆمەتر لە شوێنی کونکردنەکە و 11 کیلۆمەتر لە رێگەی (بەغدا - بابل) دروست کراون:
پاڵاوگەی یەکەم: لە تشرینی یەکەمی 2021 تەنیا زەوییەکی بەتاڵ و لە قۆناخی دروستکردندا بووە، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە وەک پاڵاوگەیەکی بچووک کەوتووەتە کار و تاوەکو 30-07-2026 بەردەوام لەنێوان 6 بۆ 9 تانکەری 36 هەزار لیتری لە حەوشەکەیدا تۆمار کراون.
پاڵاوگەی دووەم: تەنیا 700 مەتر لە پاڵاوگەی یەکەمەوە دوورە؛ لە ساڵی 2022 لە قۆناخی دروستکردندا بووە و تاوەکو ساڵی 2025 و 2026 تەواو بووە، بە جۆرێک لە هەردوو رێکەوتی 30-01-2025 و 30-07-2026ـدا 14 تانکەری گەورە لە نزیک ئەم پاڵاوگەیە وەستاون.
بۆ ئەوەی لە چاوی مانگە دەستکردەکان و فڕۆکەکانی چاودێرییەوە ون بن، تۆڕەکە سێ تەکنیکی سەرەکییان بەکارهێناوە:
یەکەم: هەڵکەندنی چاڵی قووڵ لەژێر زەویدا بۆ عەمبارکردنی نەوت، لەبری دروستکردنی تانکی و کۆگای ئاسایی سەرزەوی.
دووەم: داپۆشینی چاڵە نەوتییەکان، شوێنی بارکردن و تەنانەت دارخورماکانی دەوروبەری بە بنمیچی ئاسنی سپی، بۆ ئەوەی پەڵە نەوتییەکان و جووڵەی تانکەرەکان لە ئاسمانەوە نەبینرێن.
سێیەم: زۆربەی پرۆسەکانی بارکردن لە کاتەکانی شەودا کراوە؛ چونکە راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەو دەیان تانکەرەی لە وێنەکاندا دەرکەوتوون تەنیا هی کاتی رۆژن، ئەمەش مانای وایە قەبارەی دزینەکە لە شەواندا چەند هێندەی ئەو ژمارانەیە.
سێ رێڕەوی قاچاخ بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە بەغدا
بەگوێرەی نەخشە شیکارییەکانی هەواڵگری، نەوتە بەقاچاخبراوەکە بە سێ رێگەی جیاوازەوە بەرەو پارێزگای بەغدا دەگوازرێتەوە:
رێگەی یەکەم (بەرەو باکوور): تانکەرەکان دەچنە سەر شەقامی سەرەکیی (بەغدا - بابل) و لە رێگەی پەڕینەوە بەسەر پردی موسەییەبدا راستەوخۆ دەگەنە بەغدا.
رێگەی دووەم (تێکەڵبوون لەگەڵ تانکەرە فەرمییەکان): تانکەرەکان لە پاڵاوگە نهێنییەکانەوە بەرەو عامرییەی فەللوجە دەڕۆن و خۆیان تێکەڵی کاروانی تانکەرە فەرمییەکانی وێستگەکانی سووتەمەنی دەکەن، پاشان لە بازگەی پردی عەنازەوە بەسەر رووباری فوراتدا دەپەڕنەوە و لە رێگەی بازگەی ئینتیسار و رێگەی نێودەوڵەتییەوە دەچنە ناو بەغدا.
رێگەی سێیەم (رێگە دوورەکەی ئەنبار): تانکەرەکان بەرەو عامرییەی فەللوجە دەڕۆن و بەردەوام دەبن بەرەو حەبانییە و پاشان شاری فەللوجە، دوای پەڕینەوە لە رووبار دەگەنە دووڕیانێک؛ بەشێکیان لە رێگەی نێودەوڵەتییەوە و بەشێکی دیکەیان لە رێگە کۆنەکەی ئەبوغرێبەوە دەگەنە پایتەخت.
کەمتەرخەمیی وەزارەتی نەوت و راسپاردەکان
لە بەشی کۆتایی راپۆرتەکەدا، رەخنەی توند ئاراستەی هەردوو کۆمپانیای دابەشکردنی بۆرییەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت کراوە، بەوەی لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکیان بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە نەگرتووەتەبەر.
راپۆرتەکە بەو دەرەنجامە کۆتایی دێت کە بەهۆی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکەوە، دزینی نەوت لە جورف سەخر تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بۆیە پێشنیاز کراوە رێکاری یاسایی توند دژی بەرپرسانی کەمتەرخەمی وەزارەتی نەوت و بکەرانی ئەو پێشێلکارییانە بگیرێتەبەر، هەروەها داتاکانی تێکچوونی پەستانی ناو بۆرییەکانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ کاتی وێنە ئاسمانییەکاندا بەراورد بکرێن و سیستەمی چاودێریی پەستانی بۆرییەکان کارا بکرێت تاوەکو هەر کونکردنێک دەستبەجێ ئاشکرا بکرێت.
پارێزگاری بابل قاچاخچێتیی نەوت رەتدەکاتەوە
ئێوارەی سێشەممە (10ـی تشرینی دووەمی 2026)، عەلی تورکی مەنسووری، پارێزگاری بابل و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە، سەردانی مەیدانیی ئەو شوێنەی کرد کە لە وێنە ئاسمانییەکاندا ئاماژەی پێکرابوو، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی بە "درۆی ئاشکرا" ناوبردن.
عەلی تورکی مەنسووری کە سەر بە بزووتنەوەی سادیقوونی باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەنێو شوێنەکەوە رایگەیاند، بە سیفەتی ئیداری و وەک سەرۆکی لیژنەی ئەمنی سەردانی ناوچەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە راستیی دۆخەکە ببینێت. پارێزگاری بابل جەختی کردەوە کە جووڵەکەیان هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو راستەوخۆ بەپێی ئەو وێنە ئاسمانییە و هێڵەکانی درێژی و پانی (پۆتانە جوگرافییەکان) چوونەتە سەر شوێنەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابوونەوە.
نهێنیی تانکەرەکان و وێستگەکە چییە؟
سەبارەت بە سروشتی ئەو شوێنە و ئەو تانکەرانەی لە وێنەکاندا دەرکەوتوون، پارێزگاری بابل گوتی: "ئەم شوێنە پاڵاوگەی نهێنی نییە، بەڵکو وێستگەیەکی کۆنی سووتەمەنییە بە ناوی (وێستگەی مەدینەی منەوەرە). ئێستا وێستگەکە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵییەوە بەکاردەهێندرێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل و ئامێرە سەربازییەکانیان."
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەو تانکەرانەی لە وێنەکەدان بریتین لە 3 تانکەری کۆنی وەستاو، لەگەڵ چەند تانکەرێکی دیکەی کۆنی تایبەت بە خودی وێستگەکە کە پێشتر بۆ عەمبارکردنی سووتەمەنیی هاووڵاتییان بەکاردەهاتن و ئێستا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی دەزگا ئەمنییەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت.
مەنسووری ئەو تۆمەتانەی بە هەڵمەتێکی سیاسی و میدیایی ناوبرد و گوتی: "ئەم درۆیانە ئەمڕۆ روون و ئاشکران و ئامانجەکەیان زانراوە؛ ئەمە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ بەئامانجگرتنی مەدینەتولنەسر، هاوشێوەی ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر کرا، بەڵام ئەمجارە بە شێوازی تۆمەتبارکردن بە ناپاکی و دزی دووبارە دەکرێتەوە، وەک ئەو شێوازە کۆنانەی پێشتر لە (هەڵمەتی سەلاجەکە) و هەڵمەتەکانی دیکەدا بینیمان."
بانگهێشتی میدیاکان و ستایشی هێزە ئەمنییەکان
پارێزگاری بابل بە متمانەیەکی تەواوەوە بوونی هەر جۆرە بەقاچاخبردنێکی نەوتی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەندین شوێنی جیاوازی جورف نەسر گەڕاون. هەروەها داوای لەو دەزگا راگەیاندنانە کرد کە یاوەری بوون، بە ئازادی لە ناوچەکەدا بگەڕێن و وێنە بگرن تاوەکو راستییەکان بگوازنەوە و ئەو دەنگۆیانە پووچەڵ بکەنەوە.
عەلی تورکی مەنسووری بەرگری لەو هێزانە کرد کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون و رایگەیاند، ئەوانە هێزی "موجاهید"ـن و ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لەسەر شانە کە تاوەکو ئێستاش بە "هێڵی یەکەمی بەرکەوتن" لەگەڵ ناوچەکانی پێشووی ململانێ دادەنرێت.
پێگەی جورف سەخر
جورف سەخر دەکەوێتە سەر کەناری رۆژئاوای رووباری فورات و بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری بەغدا. ئەم ناوچەیە خاڵێکی ستراتیژیی گرنگە، چونکە پارێزگاکانی بابل، ئەنبار، کەربەلا و بەغدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پێشتر بەهۆی سروشتی بەردەڵانیی کەنارەکانی رووباری فوراتەوە پێی دەگوترا "جورف سەخر" (بەردەڵان)، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی رێکخراوی داعش لە تشرینی یەکەمی 2014، حکومەتی خۆجێیی بابل بڕیاری دا ناوەکەی بگۆڕێت بۆ "جورف نەسر" (سەرکەوتن)، بەم دواییانەش کرایە مەدینە نەسر.
پێش ساڵی 2014، زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە هۆزە عەرەبە سوننەکان (بە تایبەت هۆزی جەنابییەکان) پێکهاتبوون و ناوچەکە بە کشتوکاڵ و باخەکانی دارخورما و میوە بەناوبانگ بوو.
دوای شەڕی دژی داعش، دانیشتووانە رەسەنەکەی ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستاش رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. لەو کاتەوە ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازیی داخراو و بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیدایە، بە جۆرێک تەنانەت بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتیش بەبێ مۆڵەتی ئەو هێزانە ناتوانن بچنە ناوچەکەوە.


