رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، گومانی لە تێوەگلانی گرووپە چەکدارەکان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دروستکرد و رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییە "بابەتێکی تەواو جیاوازە".
لە پانێڵێکی تایبەت بە ئاسایش و سەروەریی عێراق لە پەیمانگەی شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتی (چاتام هاوس) لە بەریتانیا، هەریەکە لە قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەشداربوون و چەندین پرسی هەستیاریان تاوتوێ کرد.
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان؛ گرووپەکان یاخود ناکۆکیی ناوخۆیی؟
لە بەشێکی پانێڵەکەدا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی زیاتر لە هەزار هێرش لە ناوخۆی عێراقەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و بێدەنگیی بەغدا، باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، ئەو هەڕەشانە "هەڕەشەی لێکدراون" و بەشێکیان پەیوەستن بە جەنگی ناوچەکەوە، بەڵام باسی لەوەش کرد کە هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان جیاوازە.
بەدری گوتی: "ئێستا هەمووان دەزانن قەیرانێکی ناوخۆیی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە." کاتێک رۆژنامەنووسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییەکان درۆنەکان لە ئاراستەی خورماتووەوە هاتوون، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەو زانیارییانەی بە "میدیایی و ناڕاست" وەسف کرد و گوتی: "ناکرێت دەوڵەت پشت بە زانیاریی راگەیاندن ببەستێت، من دەتوانم بە سادەیی پێت بڵێم رەنگە لایەنێکی کوردی ئەو هێرشەی کردبێت، یان لایەنێکی دەرەکی بووبێت نەک گرووپەکان."
باسم بەدری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خۆی زانیاریی لەسەر جۆر، سروشت و رێڕەوی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر هەیە، بەڵام ئاشکراکردنی بۆ لیژنە لێکۆڵەرەوەکان جێهێشتووە.
شنگال، پەکەکە و کشانەوەی تورکیا لە باشیک
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا زیاتر لە 200 خاڵ و پێگەی سەربازی لە عێراقدا هەیە، بەڵام بەپێی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تورکیا لەم مانگەدا دەست بە کشانەوە لە بنکەی سەربازیی باشیک دەکات و تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دۆسیەی شنگال بە تەواوی یەکلادەکرێتەوە.
بەدری گوتی، بەپێی رێککەوتنەکە دوو هەزار و 500 چەکداری ناوخۆیی یەبەشە، تێکەڵی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دەکرێن، هاوکات ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال هەڵدەبژێردرێت و ئاوەدان دەکرێتەوە.
هاوکات، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری تورکی (پەکەکە) و چوار حزبی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چیاکانی کوردستان، کێشەی بۆ ئێران و تورکیا دروستکردبوو، بەڵام حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە لە رێگەی دانوستاندنەوە ئەو ئاڵۆزییە سنوورییانە هێور بکاتەوە.
داماڵینی چەکی گرووپەکان و دیلەکانی داعش
سەبارەت بە چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، پرۆسەکە تێکەڵکردن نییە، بەڵکو "پچڕاندنی پەیوەندییە" لە نێوان چەکدارەکان و گرووپەکانیان، چونکە ئەوان مووچەخۆری حەشدن. ئاشکراشی کرد کە پێنج گرووپ بەڵێنی چەکدانانیان داوە، سێ گرووپ چەکیان رادەستکردووە و دوو گرووپیش لە مانگەکانی داهاتوودا رادەستی دەکەن و پێشبینی دەکرێت تاوەکو حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەم دۆسیەیە کۆتایی پێبێت.
لەبارەی زیندانیانی داعشیش، قاسم عەبوودی گوتی: "عێراق باری زیاتر لە پێنج هەزار دەستگیرکراوی داعشی (کە زۆربەیان سوورین) لە ئەستۆ گرتووە؛ 400 کەسیان بێتاوان دەرچوون و 50 کەسیان رادەستی دیمەشق کراونەتەوە، بەڵام چوار هەزار دەستگیرکراوەکەی دیکە لەبەر مەترسیدارییان رادەست ناکرێنەوە و بەپێی یاسای دادگایەکی نوێی نێودەوڵەتی لە عێراق دادگایی دەکرێن."
دەقی پانێڵەکە:
لەهیب هیگل: دادوەر قاسم، لە جەنابتانەوە دەستپێدەکەم، عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە لەم ژینگەیەی ئێستادا. ئەگەر لەوەوە دەستپێبکەیت کە بۆمان روون بکەیتەوە ئێستا عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکات؟ چۆن دەتوانێت لە کاتی بەردەوامیی جەنگی ناوچەییدا سەروەریی خۆی بپارێزێت؟ ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی لە مانگەکانی داهاتوودا چین؟
قاسم عەبوودی: سوپاس بۆ چاتام هاوس بۆ ئەم بایەخپێدانە و بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دیالۆگە. یەکێک لە مامۆستاکانمان لە کۆلێژی یاسا نازانم لە ژیاندا ماوە یان کۆچی دوایی کردووە، وانەی سیستەمی سیاسی پێدەگوتین، دەیگوت: کێشەکە لە وانەکەدا نییە، بەڵکو لە پرسیارەکاندایە. بەهەرحاڵ، عێراق وادیارە جێگەی بایەخی جیهانە و ئەمەش بە گشتی شتێکی باشە؛ بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی، سروشتی خاکەکەی و ئەوەی کە سەرچاوەی وزەیە. ئەم بایەخەش زیاتر دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کە رەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا بگاتە 5 ملیۆن بەرمیل و ویستی سەرۆکوەزیرانیش ئەوەیە بگەینە 10 ملیۆن بەرمیل. سەرنجدان لەسەر عێراق لێکتێگەیشتنی بۆ دەکرێت، بەڵام لە هەندێک دۆسیەدا سەرنجی زیاد لە پێویست خراوەتە سەری کە جێی مشتومڕە، بە تایبەت پرسی ئەمنی. لە راستیدا عێراقی دوای 2003 جیاوازە لە عێراقی پێش 2003، عێراقی ئەمڕۆ دەست لە کاروباری ئەمنیی ئەوانی دیکە وەرنادات، پشتگیریی گرووپی سیاسی ناکات دژی دەسەڵاتەکانیان، هیچ سوپایەکی لە دەرەوەی سنوورەکانی نییە (کە کەس باسی ئەمە لە دەوڵەتانی تردا ناکات)، بەشێک نییە لە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازی دژی هیچ لایەنێک، و لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لەسەر خاکەکەمان نامێنێت وەک ئەوەی لە دەوڵەتانی دیکەدا هەیە. بۆیە ئێمە خاوەنی پێگەیەکی بێلایەنیی زۆر باش و ئەرێنین. خاڵێکی دیکە، عێراق دەوڵەتێکی دیموکراسییە، هەڵبژاردنی تێدایە، دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە، بڕێکی گونجاو لە ئازادیی رادەربڕین هەیە؛ خەڵک رەخنە لە حکومەت و دەوڵەت دەگرن و توانج لە سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکە دەدەن، ئەمە لە ناوچەکەدا کەم وێنەیە. سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ هەمووان و بە تایبەت لەگەڵ دراوسێکانمان زۆر ئاسایی و باش بێت. بەڵام دراوسێکانمان تاوەکو ئێستا دوودڵ و هێواشن لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا و دۆسیەی چەک و گرووپەکان دەکەنە بەهانە. ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە چەکی دەرەوەی دەوڵەت دۆخێکی ناتەندروستە و لەگەڵ چەمکی سەروەریدا یەکناگرێتەوە، بەڵام کاتێک سەردانی ئەو وڵاتانەم کردووە، پێم گوتوون: کێشەی ئێمە لەگەڵ ئێران و تورکیا زۆر زیاترە لەوەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، وەک کوێت و سعودیە، هەمانە. لەگەڵ تورکەکان سنوورمان هەیە کە کێشەی زۆری تێدایە، هێزی سەربازیی تورکیا لەسەر خاکمانە، ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری تورکی لەسەر خاکمانە کە کێشە بۆ ئەو دەوڵەتە دروستدەکەن، تورکیا ئەو ناوچانە بەردەوام بۆردومان دەکات، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی تورکیا لە عێراق وەبەرهێنان بکات و قەبارەی بازرگانیمان بگاتە 20 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. لەگەڵ ئێرانیش، سنوورمان هێشتا بە تەواوی دیاری نەکراوە، کێشەی کێڵگە هاوبەشەکان و کێشەی ئاومان هەیە، لە چیاکانی کوردستان چوار حزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبوون کە کێشەیان بۆ ئێران دروستدەکرد و بۆردومان دەکران، کەچی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران ئاساییە. کەواتە ئەمە نابێتە بەهانەیەک بۆ وڵاتانی عەرەبی تا دەرگاکانیان بەسەر عێراقدا دابخەن. وەک یاساناسێک، پێموایە سەروەری دوو دیوی هەیە: دەرەکی و ناوخۆیی. بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت زیان بە سەروەریی عێراق دەگەیێنێت، هەموومان لەسەر ئەمە کۆکین و کار بۆ کۆتاییهێنان پێی دەکەین. سەرۆکوەزیران پلانێکی داناوە کە دەستیپێکرد بە گفتوگۆ لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و نەهێشتنی ئەو بیانووە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران. گەیشتووینەتە قۆناخێک لەگەڵ تورکەکان کە قەناعەتمان پێکردن بکشێنەوە دوای ئەوەی دڵنیابوون لە جدییەتی حکومەت لە چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە. عێراق ئێستا بەراورد بە زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهان وڵاتێکی زۆر ئارامە؛ ئەگەر سەردانی بەغدا بکەن دەبینن خەڵک تا درەنگانی شەو لە قاوەخانە و شەقامەکانن، ئەمە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپیدا نییە. من کە چوومە واشنتن لە بەشێکی شارەکەدا بە رۆژ نەدەوێرام پیاسە بکەم چ جای بە شەو. سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، سەرۆکوەزیران لە دیالۆگی بەردەوامدایە لەگەڵیاندا. پێنج لەو گرووپانە بەڵێننامەیان واژۆ کردووە و رێککەوتوون لە بەرامبەر بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتدا دەستبەرداری چەک بن؛ سێ گرووپ بە تەواوی چەکیان رادەستکردووە و ئەمە بە راپۆرتی ئەمریکییەکانیش سەلمێنراوە، دوو گرووپ واژۆیان کردووە و بەڵێنیان داوە لە مانگەکانی داهاتوودا چەک رادەست بکەن، لەگەڵ دوو گرووپی دیکەش لە گفتوگۆداین؛ یەکێکیان نەرمترە و ئەوی دیکە کاتی زیاتری دەوێت. دڵنیام و گەشبینم کە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەم دۆسیەیە کۆتایی دێت.
لەهیب هیگل: دادوەر قاسم بە ئەرێنی کۆتایی پێهێنا. جەنابی دکتۆر بەدری، لەسەر پرۆسەی چەکداماڵین، پلانێکی سەرۆکوەزیران هەیە بۆ ئەمە. وادیارە قاسم گەشبینە بە توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی. دەتوانیت قۆناخەکانی ئەم پلانەمان بۆ روون بکەیتەوە، ئایا دەگەینە ئامانج؟ هەروەها جەنگی ناوچەیی چۆن کاریگەری لەسەر ئەم پرۆسەیە دروستدەکات؟
باسم بەدری: زۆر سوپاس. ئامادەبووانی بەڕێز، سڵاوی خواتان لێبێت. لە راستیدا بوونی ئەم ئامادەبووانە و بە تایبەت ئامادەبووانی عێراقی، مایەی ئومێدە. سەبارەت بە کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت، عێراق و حکومەت خاوەنی دیدگایەکی روونن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە؛ قۆرخکردنی هێز و بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت. بێگومان ئاڵنگاری هەیە و رەنگە هەندێک چاودێریش گومانیان لە توانای حکومەت هەبێت، بەڵام ئەمە دۆسیەیەکی ستراتیژی و هەستیارە و پێویستی بە حیکمەت و هەنگاوی ژیرانە هەیە. لەبەر ئەوەی ئەم پلانە سنووردارە لە باسوخواسدا، ناتوانم زۆر بچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام چوارچێوە گشتییەکەی ئەوەیە: پلانێکی قابیلی پێوانەکردنە و بە قۆناخ و پلەبەندی دەبێت. سەرەتا رێکەوتی 30-09 دیاریکرابوو، کە زۆر کەس بە ناواقیعییان دەزانی، بۆیە پلانەکە درێژکرایەوە تاوەکو 30-06-2027. لەسەر ئاستی سیاسی، گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان کراوە و جۆرێک لە کۆدەنگی و رێککەوتن هەیە بۆ جێبەجێکردنی دیدگای حکومەت. قۆناخەکانی جێبەجێکردن لە سێ قۆناخ پێکدێن: یەکەم، بەهێزکردنی متمانە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئێمە گریمانەی پێشوەختە ناکەین کە کێ پابەند دەبێت و کێ رەتیدەکاتەوە. ئەوانەی ترس و دڵەڕاوکێی رەوایان هەیە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت تاوەکو بگەنە دیدگایەکی هاوبەش. بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت بە هۆکاری ناواقیعی بەربەست لەبەردەم پلانەکە دروستبکەن، بە دڵنیاییەوە رێگەیان پێنادرێت. دووەم، پلانێکی بنەڕەتی نەک رووکەش، ئێمە تەنیا نامانەوێت دیاردەی چەکداری کۆتایی پێبهێنین، بەڵکو دەمانەوێت ئەو ژێرخان و بنیاتانە هەڵوەشێنینەوە کە چەک بەرهەمدەهێنن. ئەمەش پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی مەنزوومەی ئابووری، و پاشان هەڵوەشاندنەوەی ئەمنی و هەواڵگری هەیە. ئەمە ئاستە کردارەکییەکەیە. هەروەها سێیەم بریتییە لە ویست و ئیرادەی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، ئیرادەیەکی حەقیقی و یەکلاکەرەوەیە و جێگەی هیچ گومانێک نییە.
لەهیب هیگل: دادوەر قاسم باسی تورکیای کرد لە باشیک. وادیارە لەگەڵ ئەنقەرە پلانێک هەیە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کشانەوەکە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی نەک تەنیا مامەڵە لەگەڵ بوونی پەکەکە و شەڕڤانانی بیانی لە شنگال دەکات، بەڵکو لەگەڵ گرووپە ناوخۆییەکانیش (یەبەشە). دەزانم زۆر لەسەر ئەم دۆسیەیە کارتان کردووە، دەکرێت بۆ ئامادەبووان روونی بکەیتەوە کە ئەم پلانە ئێستا چۆنە؟
باسم بەدری: سەبارەت بە دۆسیەی شنگال و هەڵوێستی تورکیا، تورکەکان زیاتر لە 200 خاڵ و پێگەی سەربازییان لە عێراقدا هەیە، لەگەڵ پێنج بنکەی گەورە کە دیارترینیان بنکەی باشیکە بە قوڵایی نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە ناو خاکی عێراق، کە زیاتر لە 15 ساڵە ئەم بنکەیە هەیە. پلانی چارەسەری شنگال دانەبڕاوە لە دیدگای گشتیی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، چونکە لە شنگال چەکدارانی ئێزدی هەن بە ناوی (یەبەشە)، کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. لە 23-09 لە نیویۆرک، لە چاوپێکەوتنی نێوان ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، رێککەوتنی چارەسەری بارودۆخی شنگال راگەیێندرا. پلانەکە ئامادەکاریی بۆ کراوە کە هاوکات و هەنگاو بە هەنگاو بێت، هەنگاوێک لە عێراق و هەنگاوێک لە تورکیا، و ئاستی هاوئاهەنگی لە نێوانماندا زۆر بەرزە. لیژنەیەکی باڵای ئەمنی پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پلانەکە و من سەرۆکایەتیی دەکەم. تەوەری سەرەکیی ئەم پلانە بریتییە لە، تێکەڵکردنی چەکدارە ناوخۆییە عێراقییەکانی یەبەشە لە نێو دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و مەدەنییەکانی حکومەتدا. هەروەها ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال، هەڵبژاردنی ئیدارەیەکی خۆجێیی بۆ شارەکە و لە بەرامبەردا لایەنی تورکی پابەند دەبێت بە کشانەوەی لەسەرخۆ لە بنکەی باشیک. لە لایەنی عێراقییەوە، سەرژمێری و تۆماری زیاتر لە 4,165 شەڕڤان کراوە و لە قۆناخی یەکەمدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنی دوو هەزار و 500 شەڕڤان دراوە لە نێو سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکانی تردا. پێش ئەوەی بێمە لەندەن، لە ئیستەنبووڵ بووم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی، و رۆژی یەکشەممە راگەیێندراوێکی هاوبەش دەرچوو کە تێیدا تورکیا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە لەم مانگەدا دەست بە کشانەوە لە باشیک بکات. وادەی کۆتایی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شنگال تاوەکو 31-12ـی ئەم ساڵ دیاریکراوە. لەسەر ئەرزی واقیع، ئەمڕۆ سوپای عێراق دەستی بەسەر پێنج تونێل و خاڵە سەرەکییەکان لە چیای شنگالدا گرتووە و هێزە چەکدارەکانی عێراق لە شنگال جێگیرن. بێگومان دۆسیەی شنگال ئاڵۆزە و رەهەندی مرۆیی هەیە، چونکە ئێزدییەکان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و پێویستە متمانەیان پێ بدرێتەوە بە شێوەیەک گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا بەپێی ئەوەی تێگەیشتووین مەیلی پێشێلکردنی سەروەریی عێراقی نییە ئەگەر مەترسییەکانی بڕەوێنرێنەوە. هەروەها دەمەوێت سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بکەم کە رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و سەرخستنی ئەم رێککەوتنە.
لەهیب هیگل: دادوەر قاسم، دەگەڕێمەوە لای جەنابتان؛ ئاڵنگاریی درێژخایەنی دیکەش هەن، یەکێکیان کە ئەم رۆژانە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە کەمتر باسی دەکرێت بابەتی مانەوەی پاشماوەکانی داعش و چەکدارە بیانییەکانە لە عێراق کە هەندێکیان سوورین. دەتوانیت پێمان بڵێیت ئەم دۆسیەیە لە کوێیە و پلانی حکومەتی عێراق چییە؟
قاسم عەبوودی: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. یەکێک لەو ئەرک و بارگرانییانەی عێراق لە جیاتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خستییە ئەستۆی خۆی، وەرگرتنی زیندانیانی داعش بوو کە لە لای هەسەدە بوون بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان؛ ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەس بوو لە 62 وڵاتی جیاوازەوە. زۆرینەیان کە زیاتر لە چوار هەزار کەسن، هاووڵاتیی سوورین. دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەرجەمیان تەواو کرد؛ دەرکەوت 400 کەسیان بێتاوانن یان تاوانیان نەکردووە، لەوانەش 50 کەسیانمان رادەستی سووریا کردەوە و ئەوانی دیکەش بەدوای یەکدا رادەست دەکرێنەوە. بەڵام بەشەکەی دیکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان تێوەگلاون و مەترسیدارن و هێشتا دەستبەرداری ئایدۆلۆژیاکەیان نەبوون. لەم کاتەدا رادەستکردنەوەیان بۆ سووریا کارێکی ئەستەمە. من لە گفتوگۆیەکی سێقۆڵیدا لە ئیتاڵیا لەگەڵ سوورییەکان بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەشدار بووم؛ ئەوان داوای رادەستکردنەوەی چوار هەزار دەستگیرکراوەکەیان دەکرد، چونکە حکومەتی سووریا لەژێر گوشاری خۆپیشاندانی بنەماڵەکانیاندایە، بەڵام ئێمە گوتمان رادەستیان ناکەینەوە بەڵکو بەپێی یاسای عێراقی دادگایی دەکرێن. شتێکی باش ئەوەیە، لەو کاتەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کارم دەکرد، رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکانمان ئامادە کرد، چونکە یاسای سزادانی عێراقی پێناسە و سزای بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان تێدا نییە. ئێستا پرۆژەیاساکە لە پەرلەمانە و بەپێی ئەو یاسایە، دادگایەکی عێراقی پێکدەهێنرێت بە تایبەتمەندی و پسپۆڕیی نێودەوڵەتی و دەتوانێت سوود لە شارەزایانی نێودەوڵەتی وەربگرێت و تیرۆریستان دادگایی بکات تەنانەت ئەگەر تاوانەکەشیان لە عێراق یان دژی عێراقییەکان نەبووبێت. سەبارەت بە نەتەوەکانی دیکە، زۆربەی وڵاتەکانیان ئامادە نەبوون وەریانبگرنەوە و باری دادگاییکردنیان کەوتە ئەستۆی عێراق. هەندێک دەوڵەت کە داوای رادەستکردنەوەیان کردبوو، دوو مەرجمان بۆ دانان: یەکەم، مامەڵەی هاوشێوە هەبێت؛ دووەم، دەبێت هەمان ئەو سزایە لەو وڵاتانە بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت کە دادگای عێراق بڕیاری لەسەر داوە، نەک ئازاد بکرێن. ئەمە بارگرانییەکی زۆر گەورە بوو کە عێراق لە ئەستۆی گرت و هیچ وڵاتێک نەیدەگرتە ئەستۆ. ئێستا زیندانەکانمان زۆر قەرەباڵغن و تووشی کێشە بووینەتەوە، بۆیە پێویستمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە لە رێگەی سندووقێکی تایبەت بۆ عێراق و سووریا. خاڵێکی دیکە ئەوەیە، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆلەوە هێنرانە کەمپی جەدعە، عێراق سەرکەوتوو بوو لە شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەکانیاندا بە بێ هیچ کێشەیەک و بە ئاشتییانە.
پرسیار و وەڵامی میوانەکانی پانێڵەکە:
هیشام عەلی، رۆژنامەڤانی عێراقی: پرسیاری یەکەمم بۆ کاک قاسمە: بۆچی دۆسیەی چەکدانان و گرووپەکان هەمیشە دەخرێتە ناو دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران ئەگەر دۆسیەیەکی عێراقیی پەتی بێت؟ پرسیاری دووەم بۆ کاک باسمە: لەم ماوەی دواییدا هەستمان کردووە سیاسەتی ناوخۆ لە دەروازەی ئابوورییەوە دادەڕێژرێت لە رێگەی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەورووپا. کەمێک پێش ئێستا باسی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئابووریی گرووپەکانت کرد، ئایا ئەمە بەو واتایە کە لەگەڵ گرووپەکان گەیشتوونەتە بنبەست لە دانوستاندندا و ئێستا گوشاری ئابوورییان دەخرێتە سەر؟ هەروەها ئەگەر کەسێک پێمان بڵێت ئەو بەڕێوەبەرە دەسەڵاتپێدراوەی کاخەزی دانوستاندنی لە گیرفاندایە کێیە کە ئەبو موجاهید عەساف باسی کرد، زۆر سوپاسگوزار دەبین.
قاسم عەبوودی: کاک هیشام، من نەمگوت دۆسیەی گرووپەکان دۆسیەیەکی عێراقیی پەتییە! سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دوێنێ قسەیەکی گرنگی کرد، گوتی: ئەگەر ئەم جەنگە نەبووایە مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپەکان زۆر ئاسان دەبوو. ناتوانم ئەوە بشارمەوە یان نکوڵی لێبکەم کە بەهۆی ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، سۆزێک هەیە بۆ ئەم جەنگە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە هەموو جیهاندا. بەڵام ئەرکی من لە عێراق ئەوەیە رێگری بکەم لەوەی ئەو سۆزە بۆ کردەوەیەک وەربگێڕدرێت کە زیان بە عێراق بگەیێنێت یان رایکێشێتە نێو جەنگ. عێراق لە دڵی ئەم زریانەدا بێلایەنیی خۆی پاراستووە تەنانەت لە هاوسەنگیی نێوان ئێرانییەکان و ئەمریکییەکاندا، و عێراق تاکە وڵاتە لە ئەمریکییەکانەوە لەسەر مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران ئیستسنای پێدراوە. بۆیە ئەم جەنگە کاریگەریی زۆری لەسەرمان هەیە، بەڵام حکومەت رێگریی کردووە عێراق تێوەبگلێت. کاتێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران سەردانی ئێرانمان کرد، زۆر بە راشکاوی بە ئێرانییەکانمان گوت کە عێراق لەژێر هەڕەشەدایە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە و بەرەو چارەنووسێکی خراپ دەبرێت ئەگەر پشتیوانیی گرووپەکان بەردەوام بێت و پێویستە لە نێوان گرووپەکان و دەوڵەتدا یەکێکیان هەڵبژێرن. ئێرانییەکانیش بە راستی نایانەوێت هیچ ململانێیەکی ناوخۆیی لە عێراقدا رووبدات، چونکە لە بەرژەوەندییاندا نییە. ئەمەش کارتێکی بەهێز بوو کە سەرۆکوەزیران بەکاریهێنا و لێکتێگەیشتن دروستبوو.
باسم بەدری: سەبارەت بەوەی لە بەڕێز راوێژکارەوە گوێبیستی بوون، هیچ داوایەک لە عێراق نەکراوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، نە لەلایەن ئەمریکاوە و نە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. ئێران دراوسێمانە و هاوبەشی مێژوویی و جوگرافی و ئایینیمان هەیە، بەڵام پێویستە پەیوەندییەکی هاوسەنگ بێت کە رێز لە سەروەریی وڵات بگرێت و بە ئاراستەی تەواوکاریی ئابووری بێت، هەر رێکخستنێکی ئەمنیی هاوتەریبیش لەگەڵ دەوڵەت بە تەواوی رەتکراوەیە. سەبارەت بە دەروازەی ئابووری، ململانێی ناوچەکە دەریخست کە هاوپەیمانێتییە تەقلیدییە سەربازییەکان شکۆک و بێهێزن و نەیانتوانیوە هاوبەشەکانیان بپارێزن. بۆیە ناوچەکە دەبێت بیر لە نەزمێکی نوێ و تەواوکاریی ئابووری بکاتەوە. ئەمەش رێگر نییە لەوەی هاوبەشیی ستراتیژیمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدا هەبێت. سەبارەت بە گرووپەکانیش، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستووریی عێراقییە، بەڵام هەندێک هەن بۆ کاری نایاسایی وەک پەردە بەکاری دەهێنن، بۆیە بەشێک لە دیدگای حکومەت بریتییە لە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی بارودۆخی دارایی و ئابوورییان بە کۆکردنەوەی زانیاری و وردبینی. سەبارەت بە بەڕێوەبەری دەسەڵاتپێدراو، لە ئەبو موجاهید عەساف بپرسن. بەڵام بە گشتی لەسەر کاخەزەکە و تەوەرە سیاسییەکەی رێککەوتن و پشتیوانیی تەواو هەیە.
ئیبراهیم محەممەد، رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان: سڵاو، ئیبراهیم محەممەد عەزیز لە کوردستانی عێراقەوە، پرسیارەکەم لەبارەی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراقەوە، نەک لە دەرەوەی عێراق. لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار جار ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ پاساوێک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراقەوە کراونەتە ئامانج. پرسیارەکە ئەوەیە: رێکارەکانی حکومەت لە کوێن بەرامبەر ئەم گرووپانە؟ هۆکاری ئەم سستییە چییە لە گرتنەبەری رێکار و راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان؟ سوپاس.
باسم بەدری: سەبارەت بە پرسیاری ئەو برایەمان لەسەر بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان، لە راستیدا یەکێک لە گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەم جۆرە هەڕەشە لێکدراوانەن، بێگومان عێراق خاوەنی ئەزموونێکی زۆر گەورە و کارامەییەکی باڵایە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئەزموونی ئێمەش لەگەڵ داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ هەموو جیهان روونە، بەڵام ئێستا ئاستی هەڕەشەکان گۆڕاوە؛ قەبارەی ئاڵنگاری و هەڕەشەکان لێکدراون و پەیوەستن بە پەلامار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، مووشەکی دوورمەودا، و هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەشێکی دەرهاویشتەی جەنگە هەرێمییەکەیە و رەنگە پەیوەندیی بە ململانێی بەرژەوەندییەکانەوە هەبێت.
ئیبراهیم محەممەد: مەبەستم هێرشەکەی پێرێ شەوە.
باسم بەدری: هێرشەکەی پێرێ شەو بابەتێکی تەواو جیاوازە. ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئێستا هەمووان دەزانن کە قەیرانێک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، قەیرانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئیبراهیم محەممەد: بەڵام درۆنەکان لە ئاراستەی تووزخورماتووەوە هاتوون، واتە بەئامانجگرتنەکە لەوێوە بووە.
باسم بەدری: چۆن؟! ئەم بەڵگانە لە کوێن؟ ئەمانە زانیاریی ئەمنین یان میدیایی؟ ناکرێت دەوڵەت بڕیاری خۆی لەسەر زانیاریی راگەیاندن بنیات بنێت، پێویستە داتای ئەمنی و هەواڵگریی پشتڕاستکراوەت لەبەردەستدا بێت تاوەکو بتوانیت لێدوانی لەسەر بدەیت. چونکە زۆر بە سادەیی دەتوانم بە هەمانشێوە وەڵامت بدەمەوە و بڵێم، رەنگە لایەنێکی کوردی ئەو هێرشەی کردبێت، ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین لایەنی گرووپەکان بووە یان لایەنێکی دیاریکراو، رەنگە لایەنێکی دەرەکیش بووبێت، بۆیە پێویستە لەم بابەتەدا زۆر وردبین بین. گرنگ ئەوەیە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ئاماژە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستدان، بە تایبەت بۆ ئەم هێرشەی دوایی، من خۆم زانیاریی تەواوم هەیە لەسەر سروشت، جۆر و تەنانەت رێڕەوی هێرشەکەش، بەڵام ئێستا گونجاو نییە لێدوانی لەبارەوە بدەم، چونکە ئەو بابەتە بۆ لیژنە لێکۆڵەرەوەکان جێدەهێڵین.
جەیمس کۆنلیف، نوێنەری TAG International بەغدا و هەولێر: لە بارەی پلانی چەکداماڵین، ئایا ئەمە بە راستی چەکداماڵینە یان تێکەڵکردنە؟ چونکە دەزانین لە ناو حەشدی شەعبیدا باڵ هەن کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تەبا نین؟
مەیسوون دەمەلووجی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق: سڵاو. پرسیاری یەکەمم بۆ هەردوو بەڕێزەکەیە، سەبارەت بەو راپۆرتەی لەم رۆژانەدا لەسەر جورف سەخر و قاچاخچێتیی نەوت و بوونی کارگەی چەک و درۆن و زیندان بڵاوکرایەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، ئایا پلانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی جورف سەخر چییە؟ پرسیاری دووەمیش بۆ قاسم عەبوودی: پێشتر باسی ئەوەت کردبوو کە ئۆکرانیا لە عێراق باند و مووشەکی هەیە، دەکرێت ئەمەمان بۆ روون بکەیتەوە؟
قاسم عەبوودی: پرسیارەکەی جەیمس زۆر گرنگە، دەبێت بزانن کە ئەم گرووپانە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە حەشدی شەعبی و ناویان لەوێ هەیە و مووچە لە حەشد وەردەگرن، بۆیە پرۆسەکە تێکەڵکردن نییە، بەڵکو پچڕاندنی پەیوەندییە. واتە پچڕاندنی پەیوەندیی ئەو چەکدارانەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا و هێشتنەوەیانە وەک بەشێک لە حەشد. هاوکات بەپێی رەشنووسی یاسایەکی نوێ، پێداچوونەوە و کەمکردنەوە و چاکسازی لە حەشدی شەعبیدا دەکرێت، چالاکییە ئابوورییەکانیان لە یاساکە لادەبرێت و دەبنە بەشێکی تەواوی دامەزراوەی سەربازی. هەروەها دوێنێ قسەیەک کرا گوایە ژمێرەی دارایی حەشد ناچێتە بەردەم چاودێریی دارایی، نەخێر ئەمە راست نییە، دیوانی چاودێریی دارایی بە تەواوی چاودێریی حەشد دەکات و سەرپێچییەکانیشی تۆمار کردووە وەک هەر دامەزراوەیەکی دیکەی دەوڵەت.
باسم بەدری: وەک هاوڕێم جەنابی راوێژکار گوتی، پرۆسەکە بریتییە لە پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان گرووپەکان و چەکدارەکانیان، تاوەکو گرووپەکان وەک ناوی سەربازی نەمێنن و چەکدارەکان بە تەواوی بخرێنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان. هەر کەسێکیش بەم پلانەوە پابەند نەبێت، بە دڵنیاییەوە هیچ شوێنێکی لە ناو دەستەی حەشدی شەعبیدا نابێت. هەروەها پلانەکە دووبارە بڵاوەپێکردنەوە و رێکخستنەوەی شوێنی هێزەکان لە ناوچەکان دەگرێتەوە، بە چەک و کەرەستە و شوێنی عەمبارکردنەوە، کە تەواو لەگەڵ چاکسازیی کەرتی ئەمنیدا دەگونجێت. سەبارەت بە جورف سەخر و راپۆرتەکان، دەبێت پشتیوانیی لێکۆڵینەوە وردەکان بکرێت نەک راپۆرتی راگەیاندن. بەڵام چوونی سوپای عێراق بۆ جورف سەخر ئاڵۆز نییە، ئێستاش سوپا و گرووپەکان لەوێن. لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی چەکدانان، قۆناخی دووەم دەستپێدەکات کە تایبەتە بە دووبارە رێکخستنەوەی شوێنی جێگیربوونی هێزەکان، و بە دڵنیاییەوە سوپای عێراق و هێزە ناوەندییەکان لەو ناوچانە بە تەواوی ئامادە دەبن.
قاسم عەبوودی: پەیوەندیمان لەگەڵ ئۆکرانیا دوای لێدوانەکەم زۆر باشتر بووە لەوەی پێشتر هەبوو. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا سەردانی عێراقی کرد. هاوکارییەکی زۆرمان لە نێواندا بوو لەسەر پرسی ئەو دیلە عێراقییانەی لەگەڵ سوپای رووسیادا شەڕیان دەکرد، بەداخەوە ژمارەیەک دیل و کوژراوی عێراقیمان لەوێ هەیە و باڵیۆزی ئۆکرانیاش سەردانی ئەو دیلانەی کردووە. وردەکاریی زیاتری ئەم بابەتە لەبەر ئەوەی بەشێکی کەسی و تایبەتە لە دوای دانیشتنەکە بە دۆستانە لە نێوان خۆماندا باسی دەکەین.


