رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، سەرجەم رێکارەکانی ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان تەواوبوون و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان لە بەغدا لە ئامادەیی پرۆسەکە ئاگادار کردووەتەوە.
سەلیم رووکابی، رۆژی پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، رەزامەندییە تایبەتەکانیان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتییانمان لە هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و رێکارەکانی گەیشتوونەتە قۆناخی دەرکردنی فەرمانی دابینکردن."
بە گوتەی سەلیم رووکابی، وەزارەتەکەیان بە فەرمی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد: "لە رۆژی 8ـی ئەم مانگەوە (8ـی تشرینی دووەم)، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانمان لە ئامادەیی رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە ئاگادار کردووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا "پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان رێکارەکانی خۆیان تەواوبکەن، بۆ ئەوەی ئەو بڕە نەوتەی بۆیان تەرخانکراوە وەریبگرن و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن."
لە هەرێمی کوردستانیشەوە، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوە و دابەشکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت لە بەغداوە بۆ پارێزگاکان بەرەو کۆتایی دەچن و بەرپرسانی هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، راستەوخۆ دوای گەیشتنی نەوتەکە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و خەریکی راییکردنی رێکارە کارگێڕییەکانن؛ گوتیشی: "پێویستیی هەرێمی کوردستان 290 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام بەغدا رەزامەندی لەسەر 50 ملیۆن لیتر داوە، کە تەنیا 14٪ـی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە."
لەبارەی کاتی گەیشتنی نەوتەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ پرۆسەی تەندەرینگ تەواو دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیای گواستنەوە دیاری بکرێت، ئەگەر سبەی نەوتەکە بگاتە هەولێر راستەوخۆ لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان کردووە و رێکارەکانی گواستنەوەیان دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی: "کۆمپانیای گواستنەوە دیاری دەکرێت و رێکارەکان تەواو دەکرێن، نەوتەکە دەگوازرێتەوە بۆ دهۆک و راستەوخۆ لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین؛ بڕیاریشە وەک پار پشکی دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە 10 ملیۆن و 700 هەزار لیتر بێت."
لەبارەی رێکارەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکارە کارگێڕییەکان لەلایەن پارێزگاوە بەڕێوەدەچن و ئێستا کارەکانی دیاریکردنی کۆمپانیای گواستنەوە تەواو دەکرێن، کە مەرجە کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان و لە بەغداش مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی هەبێت.
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی لەوەش کرد: "پار پشکی سلێمانی لەگەڵ هەڵەبجە 20 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بوو، پێشبینی دەکەین رێکارەکان لە زووترین کاتدا تەواو ببن و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە گواستنەوەی نەوتەکە بکرێت."
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش لە 4ـی مانگ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دا.
نرخی نەوتەکە بە هەمان نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار دیاری کراوە؛ بەم پێیەش بەرمیلێکی 200 لیتری نەوت بە 50 هەزار دینار دەگاتە دەست هاونیشتمانییان.

