رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی 350 هەزار دۆلار وەک بەرتیل، دادگە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا سەپاندووە.
رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق دەرچووە، دوای ئەوەی بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار کرا و تاوانەکەی بەسەردا ساخبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پیشەسازی 350 هەزار دۆلاری وەک بەرتیل وەرگرتووە، لە بەرامبەر سەرپێچی و کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکانی وەزارەتەکەیدا.
رۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، ناسر کازم جەبر، بریکاری وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، بە تۆمەتی "وەرگرتنی بەرتیل" لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لەنێو ماڵی خاوەن کارگەیەک لە شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا دەستگیرکرا، کە بۆ مامەڵەیەکی نایاسایی، پێشکێشکردنی ئاسانکاری و لێخۆشبوون بۆ خاوەن کارگەیەکی چیمەنتۆ، سەردانی ماڵەکەی کردبوو، دەست بەسەر سەرجەم ئەو پارەیەدا گیرا، کە وەک بەرتیل درابوو.

