رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دزەکردنی نەوت لە کاتی چاککردنەوەی بۆرییەکی سەرەکیدا لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و گەیشتنی پەڵەی نەوتی بە رووباری دیجلە، وێستگە و پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاو لە پارێزگاکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراون، فەرمانگەی ژینگەش کۆمپانیای نەوتی باکووری بە پاککردنەوەی ناوچەکە پابەند کرد.
رووداوەکە لە نزیک گوندی (عاشق) لە باکووری رۆژئاوای موسڵ روویداوە، کاتێک لە کاتی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکی نەوت، رێژەیەکی زۆری نەوت دزەی کردووە و لە چەند دۆڵ و گۆمێکدا کۆبووەتەوە، پاشان پەڵە نەوتییەکە گەیشتووەتە نێو رووباری دیجلە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانی پارێزگاکەیە.
موئەیەد ئیلیاس، بەڕێوەبەری ئاوی نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە هەبوونی پەڵەی نەوتی لە رووباری دیجلە، بڕیاریانداوە سەرجەم وێستگەکانی ئاو بکوژێننەوە، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە چوونە ناوەوەی نەوت بۆ نێو تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکان و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری ئاوی نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن کەرتی نەوتیی پارێزگاکەوە ئاگادارکراونەتەوە کە تیمەکانیان لە قۆناخی کۆتایی پاککردنەوەی رووبارەکەدان لە پاشماوەی نەوتەکە و روونیکردەوە: "دەستپێکردنەوەی بەردانەوەی ئاو بەندە بە تەواوبوونی پاککردنەوەکە و دڵنیابوونەوە لە پاکیی ئاوەکە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەی چەند کاژێری داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و دابەشکردنی ئاو دەستپێبکاتەوە."
هەروەها عومەر شەلاوی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ژینگەی نەینەوا باسی لەوە کرد، تیمێکی تەکنیکی مەیدانییان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانە ژینگەییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو: "رێکاری یاسایی و ژینگەیی پێویست گیراوەتەبەر و کۆمپانیای نەوتی باکوور پابەند کراوە بەوەی دەستبەجێ پەڵە نەوتییەکان کۆبکاتەوە و شوێنەوارەکانیان نەهێڵێت، بە مەبەستی پاراستنی خاک و سەرچاوە ئاوییەکان، بەتایبەت رووباری دیجلە، لە هەر مەترسییەکی درێژخایەنی ژینگەیی."
.avif&w=3840&q=75)


