رووداو دیجیتاڵ
بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئامادەبوونی سوپاسالار و فەرماندە باڵا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر بەڕێوەچوو.
شەوی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئامادەبوونی فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری، فەرماندەی هێزی وشکانی، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، یاریدەدەری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی حەشدی شەعبی، بریکاری دەزگای هەواڵگری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و ژمارەیەک فەرماندەی دیکە کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد. هاوکات فەرماندە ئەمنییەکانی سەرجەم پارێزگاکان لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشدار بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ راسپاردە و رێکارەکانی تایبەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف نەسر کراوە و تاوتوێی ئەو سزا و رێکارانە کراوە کە بەرامبەر ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرس لە پێکهاتە ئەمنی و سەربازییە جیاوازەکان گیراونەتەبەر، ئەوەش دوای سەلماندنی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم دۆسیەیە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت، سامانی گشتی و داهاتی گەلی عێراق، بۆیە دەبێت بەوپەڕی لێپرسراوێتی و توندییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و یاسا بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازی و چاوپۆشی جێبەجێ بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیار و راسپاردەیەکی دیکە جەختیان لەسەر کرایەوە، لەوانە: "سوودوەرگرتن لە زانیارییە هەواڵگرییەکان و یەکخستنیان لەنێوان سەرجەم دەزگا ئەمنییەکاندا؛ خێراکردنی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و راوەدوونانی داواکراوان؛ بەهێزکردنی کارایی بازگەکانی دەرەوەی شارەکان و پێداچوونەوە و کاراکردنی رێکارەکانی تایبەت بە پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و کۆمپانیا کاراکان، بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکاری و بەکارهێنانێکی نایاسایی."
لەنێو چەند رۆژی رابردوودا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای ئەمنی و تەکنیکی چووە نێو جورف سەخر بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی کونکردنی بۆرییەکان و بەقاچاخبردنی نەوت، کە بووە هۆی لەسەرکارلادانی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵەکانی بۆریی نەوت و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەمنی و کارگێڕیی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی چوونەتە نێو دانوستاندنەکان بۆ رێکخستنی چەک و واژۆکردنی (رێککەوتنی سەروەری) لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەت، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیمانی خۆی شکاندووە و نووسینگەکەی راپۆرتی هەڵبەستراو لە کەناڵە ئیماراتی و سعودییەکان و هەندێک کەناڵی نێوخۆیی بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دۆسیەکانی مەدینە نەسر (جورف سەخر) و چەکی بەرگری دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بن و سەرەڕای گوشارەکانی ئیمارات، سعودیە و ئەمریکییەکان لە رێگەی حکومەتی زەیدییەوە بۆ تۆمەتبارکردنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سازش لەسەر ئەو بنەمایە ناکەین."
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا روونیکردووەتەوە، ئەو لیژنە هونەرییەی سەردانی ناوچەکەی کردووە، هیچ زێدەڕۆییەکی بۆ سەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە. بە گوتەی ئەوان، ئەوەی لە وێنەکاندا تۆمارکراوە تەنیا چەند کۆگایەکی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنییە کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و موەلیدەکان لەنێوان کەرتی باکووری بابل تاوەکو قائیم بەکاردەهێندرێت و زیاتر لە پێنج هەزار مەتر لە بۆریی نەوتەوە دوورە.


