رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگێک لەپێناو پەسندکردنی بودجەی 2027، ناکۆکییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر داهاتی نەوتی و نانەوتی، لەگەڵ پرسی پشکی پارێزگاکان و قەرزە دەرەکییەکان، مەترسیی دواکەوتنی پەسندکردنی بودجەیان دروستکردووە.
بڕیار بوو رۆژی شەممە، 14ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە217 تریلیۆن دینارییەکەی 2027 تاوتوێ بکات، بەڵام تاوتوێکردنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا. بەشێک لە پەرلەمانتاران هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر ئەم دۆسیە هەڵپەسێردراوانە بە زوویی یەکلایی نەکرێنەوە، عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی نوێی دارایی دەبێتەوە.
پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان بریتییە لە نەوتی هەرێمی کوردستان. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە توانای رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نییە، کە ئەوەش داواکارییەکی حکومەتی فیدراڵییە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە.
وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری توانای رادەستنەکردنی ئەو نەوتە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ژمارەیەک لە کێڵگەکانی نەوت پێشتر رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزیوە.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە توانای بەرهەمهێنانی ئێستای لە 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تێپەڕ ناکات، بۆیە ناکۆکییەکە بەردەوامە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی بدات لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی راستەقینەی بیرە نەوتەکان.
بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7٪ جێگیرکراوە، بەڵام خەرجکردنی بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکەوە، لە سەروویانەوە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی.
هەروەها میکانیزمێک دانراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزەکانی نێوان 2004 تاوەکو 2026، کە بە زیاتر لە 12 ترلیۆن و 775 ملیار دینار دەخەمڵێندرێ تاوەکو لە سێ ساڵدا پاکتاو بکرێن، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان لای بانکی بازرگانیی عێراق.
هەر لەو بارەیەوە غوفران شەمەری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی کراوە بۆ رادەستکردنی داهات، بەڵام هێشتا هەموو شت یەکلایی نەکراوەتەوە.
غوفران شەمەری بە رووداوی گوت: "دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە شەفافیەت و پابەندبوونە لە رادەستکردنی داهاتە شایستەکان بە گەنجینەی گشتیی فیدراڵ."
پشکی پارێزگاکان و هۆشداری لە قەیرانی دارایی
کازم عەتییە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات، بەڵام دەشڵێت، ناکۆکیی لەسەر داهات و کەمیی تەرخانکراوی پارێزگاکان لە بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان، بووەتە مایەی نیگەرانیی پەرلەمانتاران.
کازم عەتییە بە رووداوی گوت: "پارێزگاکان لە سێ ساڵی رابردوودا بەدەست کەمیی بودجەوە ناڵاندوویانە، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستیدا کە کێشەی کەمیی بینای قوتابخانە و نەخۆشخانەیان هەیە. ئەگەر بودجە بەپێی دۆخی ئابووریی وڵات دانەڕێژرێت، عێراق رووبەڕووی تەنگژەی دارایی دەبێتەوە."
دۆسیەی قەرزەکان؛ پەرلەمان مەرج دادەنێت
سەبارەت بە دۆسیەی وەرگرتنی قەرز، باسم غورابی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی یاسای وەزارەتی دارایی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019، ئەنجوومەنی وەزیران دانوستاندن بۆ قەرزەکان دەکات، بەڵام دەسەڵاتی پەسندکردنی کۆتایی و پێدانی گەرەنتییە سەروەرییەکان لای پەرلەمانە و ئەوە وەک مەرجێکە.
باسم غورابی هۆشداری دا لەوەی پەرلەمان رێگە بە تێپەڕاندنی هیچ قەرزێک نادات کە بارگرانی دارایی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست بکات یان ئابووریی وڵات تووشی شۆک بکات.



