رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە زیندانی ناوەندیی بەسرە دەست بە جێبەجێکردنی سیستمی (حەواڵەی ئەلیکترۆنی) لەرێگەی دەستبەندی ئەلیکترۆنییەوە دەکرێ؛ "ئامانج لێی ئاسانکارییە بۆ گەیاندنی پارە بە زیندانیان بە شێوەیەکی شەفاف."
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "بە هاوکاریی بانکی هاریکاری کشتوکاڵی، دەست کرا بە رێکارە تەکنیکییەکان بۆ کاراکردنی خزمەتگوزاریی حەواڵەی دارایی لەرێگەی دەستبەندی ئەلیکترۆنی، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە نێو گرتووخانەکاندا".
موراد ساعدی راشیگەیاند: "کارگێڕیی گرتووخانەی بەسرە وۆرکشۆپێکی بۆ کەسوکاری زیندانییان کردووە تاوەکو شێوازی بەکارهێنانی ئەم دەستبەندە ئەلیکترۆنییانە فێر بن".
سیستمەکە بەم شێوەیەیە، دەستبەند (بازن)ـەکە بە کارتێکی بانکییەوە دەبەسترێتەوە، کەسوکاری زیندانییان دەتوانن لەرێگەی بانکەوە پارە بخەنە سەر کارتەکە، دواتر زیندانییان دەتوانن لەرێگەی ئەو دەستبەندەوە، پێداویستییەکانیان لەنێو زیندان بکڕن بێئەوەی پێویستیان بە پارەی کاش بێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق گوتی: "ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆتین و رێگەیەکی ئاسان بۆ مامەڵە داراییەکان، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی ژینگەی زیندانەکان و پاراستنی مافی زیندانییان".
بەکارهێنانی بازنەی ئەلیکترۆنی، وەک چارەسەرێکی تەکنەلۆژی دەبینرێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رێگریکردن لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی نایاسایی لەنێو زیندانەکاندا.
ئەم پڕۆژەیە وەک ئەزموونێک لە بەسرە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە داهاتوودا لە هەموو زیندانەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ بکرێ.


