رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی نووسراوێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، دوو
داواکاریی جیاوازی محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و ئاسۆس عەلی،
ئەندامی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری بە مەبەستی راگرتنی بڕیار و لێکەوتەکانی
دانیشتنی رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە.
بەپێی دوو بڕیاری فەرمیی دادگەی باڵای فیدراڵیی
عێراق، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026 بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر
ئیبراهیم حسێن دەرچوون، دادگەکە هەردوو داواکاریی دەرکردنی فەرمانی بەپەلەی وەلائی
رەتکردەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، هەردوو داواکارییەکە
لە رێگەی یەک پارێزەرەوە (عەلی کامل رەسووڵ) دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک
و جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان پێشکەش کرابوون:
- داواکاریی یەکەم لەلایەن محەممەد سلێمان محەممەد، بە سیفەتی سەرۆکی تەمەنی
پەرلەمانی کوردستان پێشکێش کرابوو، تێیدا داوای کردبوو بە فەرمانێکی بەپەلەی سالاری،
جێبەجێکردنی سەرجەم لێکەوتە، رێکار و بڕیارە دەرچووەکانی دانیشتنەکەی 4ـی تشرینی
دووەمی 2026 رابگیرێن، تا ئەو کاتەی سکاڵا بنەڕەتییەکەی لە دادگە یەکلایی دەبێتەوە.

- داواکاریی دووەم لەلایەن ئاسۆس عەلی ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
پێشکێش کرابوو، کە هاوشێوەی داواکارییەکەی دیکە، داوای راگرتنی تەواوی دەرئەنجام،
بڕیار و ئەو پێکهاتە و هەیکەلانەی کردبوو کە لە دانیشتنەکەی 4ـی تشرینی دووەم و
دوای ئەو کەوتوونەتەوە، تا کاتی یەکلاکردنەوەی سکاڵا سەرەکییەکەی.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە هەردوو بڕیارەکەیدا
پشتی بە مادەی 151 لە یاسای دادبینیی شارستانی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو
بەستووە و روونیکردووەتەوە: "مەرجە بۆ دەرکردنی فەرمانی سالاری سیفەتی بەپەلەبوون
و دەستکاری نەکردنی بنەڕەتی مافەکە بەردەست بێت، بەڵام لەم داواکارییانەدا ئەو دوو
مەرجە یاساییە بەدی نەهاتوون."
لەسەر ئەو بنەمایە، دادگاکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا
بە رەتکردنەوەی هەردوو داواکارییەکە بۆ دەرکردنی فەرمانی سالاری.

بەپێی بڕیارەکانی دادگە، ئەم حوکمانە بەپشتبەستن
بە مادەی 94ـی دەستووری عێراق و مادەی 5 لە یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیاری یەکلاکەرەوەن
و سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوەیان پابەندن؛ بەمەش دانیشتنەکەی 4ـی تشرینی دووەمی پەرلەمانی
کوردستان و سەرجەم دەرئەنجامەکانی تا کاتی بڕیاردان لەسەر بنەڕەتی سکاڵاکان، بە
کارایی و یاسایی دەمێننەوە.
دۆسیەی ژمارە (211 / فیدراڵی / 2026) کە لە 20ـی ئەیلوولی 2026ـەوە دواخراوە و تاوەکو ئێستا دادگە لەبارەیەوە دانەنیشتووە، لەلایەن عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان (جگە لە سیفەتی وەزیفی خۆی) تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە بڕیار بدات بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم شوێنەوارە یاساییەکانی بەپێی دەستوور و یاسا بەسەر دۆخەکەدا جێبەجێ بکرێن.
ئەم سکاڵایە وەکو خۆی ماوە و تاوەکو ئێستا دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەیەوە دانەنیشتووە.
دوای ئەوەی رۆژی 4ی تشرینی دووەم پەرلەمانی
کوردستان ژمارەی یاسایی تەواو کرد و دانیشتنی ئاسایی خۆی کرد و دەستەی سەرۆکایەتیی
بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ هەڵبژارد، نەوەی نوێ لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد و
داوای فەرمان سالارییەکی کرد بۆ راگرتنی کاروبارەکانی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دەستەی
سەرۆکایەتی، تاوەکو ئەنجامی سکاڵاکەی پێشوو یەکلایی دەکرێتەوە.
هەرچەندە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی دانیشتنی نەبووە،
بەڵام میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی بۆ ئەو فەرمان سالارییە رەت کردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. وەعدی سلێمان، راوێژکاری یاسایی
لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە
سکاڵایانە، دادگە پێویستی بە دانیشتن نییە و، هەر بە نووسراوێک وەڵام دەداتەوە."


