رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵەکانی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیەی لە ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر) لە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا بەشێکی قسەکانییەتی و شێوێندراوە؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت هێشتا تەواو نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ڤیدیۆکەی عەلی عەبدولکەریم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "مووسەوی وەک ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکوەزیران بە مەبەستی پشکنینی تەکنیکی سەردانی جورف نەسری کردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە بەبێ ئاگاداریی ئەوان بووە و تەنیا بەشێکی قسەکانی نیشان دەدات."
کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە، کاتێک بەڕێوەبەری گشتی دەڵێت "هیچ کێشەیەک لە بۆرییەکاندا نییە"، مەبەستی تەنیا ئەو بەشە سنووردارە بووە کە پشکنینی بۆ کراوە کە درێژییەکەی 200 بۆ 300 مەتر بووە، لە کاتێکدا درێژیی تەواوی بۆرییەکە لەو ناوچەیە زیاتر لە پێنج هەزار و 100 مەترە، بۆیە "ئەم قسانە وەک بڕیاری کۆتایی لەسەر تەواوی بۆرییەکە هەژمار ناکرێت و دەرەنجامەکان تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنە باڵاکەی سەرۆکوەزیراندایە."
عەلی عەبدولکەریم مووسەوی یەکێکە لەو نۆ بەرپرسەی کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی شەممە (14ـی تشرینی دووەم)، بەهۆی تێوەگلان یان کەمتەرخەمی لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری جورف سەخر لە پارێزگای بابل بڕیاری لەسەرکارلادانی بۆ دەرکردن و بڕیارە رەوانەی دادگە بکرێن.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەم، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی و تەکنیکی بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە گومانی کونکردنی بۆرییەکان و بەقاچاخبردنی نەوت چوونە نێو جورف سەخر.
ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر) لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش لە کۆتایی ساڵی 2014، لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی تەواوی گرووپە چەکدارەکاندایە و هێزە ئەمنییە ئاساییەکان و حکومەت لە رابردوودا بە دەگمەن توانیویانە بچنە قووڵایی ناوچەکە بۆ پشکنین، تاوەکو لەم دواییانەدا راپۆرتی هەواڵگری لەسەر کونکردنی بۆرییە نەوتییەکان لەو سنوورە ئاشکرا کرا.


