رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا 228 هەواڵپێدان و دۆسیەی تاوانکارییان لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت تۆمارکردووە، کە بەشێکیان رەوانەی دادگە کراون و ئەوانی دیکەش لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندان.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی بۆ ساڵانی (2024 - 2026) بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا 152 دۆسیەی تاوانکاری و 76 هەواڵپێدان لەسەر گومان و سەرپێچییەکانی تایبەت بەو دۆسیەیە تۆمارکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، لە کۆی ئەو 152 دۆسیە تاوانکارییەی تۆمارکراون، 53 دۆسیەیان هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەییەکان، هەروەها 11 دۆسیەش رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کراون.
سەبارەت بە هەواڵپێدانە تۆمارکراوەکانیش کە ژمارەیان 76 هەواڵپێدانە، دەستەکە روونیکردووەتەوە کە 37ـیان هێشتا لە قۆناخی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدان.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، تۆمارکردنی ئەم ئامارانە لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیاندایە بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، دەستنیشانکردنی سەرپێچی و گومانەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران.



