رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکاندا، وەزارەتی دارایی راسپارد پارەی پێویست بۆ دابینکردنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی تەرخان بکات، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەر قەیرانێکی سروشتی یان مرۆیی.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی فریاگوزاری، قەیران و کارەساتەکانی کرد و پوختەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی خوێندەوە، کە لەلایەن راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانییەوە ئامادەکراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی جەختی لە گرنگیی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان لە خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێک، جا سروشتی بێت یان مرۆیی، لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە هەستیار و گرنگەکان. لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی دارایی راسپارد کە تەرخانکراوی دارایی گونجاو بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانە دەستەبەر بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەرک و کارەکانی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان خرانەڕوو، کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەن و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان.


