رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ستایشی ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی کرد و رایگەیاند، بە پشتیوانیی دادگە، رێگە نادەن لە هیچ شوێنێکی عێراق، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە، قاچاخچێتی و دزی بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر کرد و رووی لە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان کرد و گوتی: "ئێوە بەم دەرچوونەتان چاوی عێراقتان رووناک کردەوە و هەڵوێستێکتان بۆ مێژوو تۆمار کرد، بە دڵێکی پڕ و بە ویژدانێکی نەکڕدراوەوە چوون و ئەوەتان ئاشکرا کرد کە لەژێر ناوێکی دیاریکراودا لە بژێویی عێراقییەکان دەدزرا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دایە ئەوانەی تێوەگلاون و گوتی: "ئەو کەسە هەڵەیە کە پێیوایە چاوێک نییە چاودێریی بکات؛ با پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیدا بکاتەوە."
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، وەک رێزلێنانێک پاداشت و سوپاسنامە پێشکێشی ئەندامانی لیژنەکە دەکەن و ئەوەشی وەک پەیامێک بۆ هەمووان ناوبرد کە هەر کەسێک خزمەتی عێراق بکات، وڵات لەبیری ناکات. هەروەها جەختی لە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و گوتی: "دادگەی عێراق سەداسەد پشتیوانتانە، چونکە دادگە دەوڵەتی دەوێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڵێنی کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی دا و رایگەیاند: "بستێک لە خاکی عێراق نامێنێتەوە کە قاچاخچێتی و دزیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
زەیدی باسی لەوەش کرد کە هەندێک کەس گومانیان لە توانای هێزە ئەمنییەکان هەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆسیانە، بەڵام ئەو پێیگوتوون: "ئەگەر هێزەکانمان بێتوانا بوون، گەلەکەم دەهێنمە دەرەوە و پێیان دەڵێم وەرن شەڕ لەسەر مافەکانتان بکەن. هێزەکان پیاویان دەوێت پێیان بڵێت دەرچن و منیش لەگەڵتانم؛ ئەوەی پێشتر ورەی هێزەکانی لاواز کردبوو، ئەو جۆرە قسانە بوو."
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە کە تایبەت بووە بە خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی تایبەتمەند بە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا دروستیی سەرجەم ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە راپۆرتی بریکارێتیی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدا هاتبوون سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت، دروستکردنی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستکاریکردنی بۆرییەکان.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە بەقاچاخبردنی نەوتدا هەبووە رەوانەی دادگە بکرێن و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی ئەم بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان دەرکرد:
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.
فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی هۆشداری داوەتە سەرجەم فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵدەگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری دەسەڵاتیاندا و رایگەیاندووە: "هیچ بستێک لە خاکی عێراقدا نامێنێتەوە کە قاچاخچێتیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە لیژنەی لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئاشکراکردنی کەمتەرخەمان و تاوانبارانی دزینی سامانی گشتی و راشیگەیاند: "حکومەت پێداگیرە لەسەر پاراستنی سامانی گشتی و بەرپەرچدانەوەی تووندی قاچاخی نەوت، هەروەها بەرپرسیارێتیی ئەمنی و ئیداری وا دەخوازێت هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت یان دەستی لەم تاوانەدا هەبێت، بێ هیچ سازشێک بدرێتە دادگە."
ئەمە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو میدیا نێوخۆییەکان وردەکاریی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی پۆلێنکراو بە "زۆر نهێنی"یان بڵاوکردەوە کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەنێوان ساڵانی 2021 و 2026 چاودێریی جووڵەی تانکەرەکان و شوێنەکانی ناوچەکەیان کردووە و تێیدا باسی لە گومانی دزین و قاچاخچێتیکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە لە رێگەی کونکردنی ئەو بۆرییانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی و کۆگای شاردراوە لەژێر زەوی لەو ناوچەیەی کە گرووپە چەکدارە باڵادەستەکان، لە سەروویانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵا، تێیدا جێگیرن.


