رووداو دیجیتاڵ بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا سنووری مانگانەی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان بە کارتە بانکییە پێشوەختە پارەدراوەکان (Prepaid) لە رێگەی سەرجەم کەناڵەکانەوە بۆ 4 هەزار دۆلار بەرزبکاتەوە. سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق پێی وایە ئەوە هەوڵێکە بۆ کۆنترڵکردنی بازاڕ. بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەی چاودێریی بانکەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق، کە ژمارە (470/4/9)ـی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی د. عەممار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکەکە بەوەکالەت دەرچووە، بڕیارەکە ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی کراوە. لە نووسراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هاتووە، ئەم بڕیارە وەک پاشکۆیەک بۆ گشتاندنی پێشوویان بە ژمارە (395/4/9) لە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکەکە دێت بۆ بەهێزکردنی ئاستەکانی گشتگیریی دارایی و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، سەقفی مانگانەی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کارتە پێشوەختە پارەدراوەکان لە رێگەی سەرجەم کەناڵەکانی وەک (ATM، POS و بازرگانیی ئەلیکترۆنی E-Commerce) بەرزکراوەتەوە بۆ 4 هەزار دۆلاری ئەمریکی یان هاوتاکەی بە دراوە بیانییەکانی دیکە. بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە بانک و کۆمپانیاکان رێکارەکانی چاودێری و وردبینیی پێویست بگرنەبەر، بە شێوەیەک کە لەگەڵ مەرجەکانی بەڕێوەبردنی مەترسی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بگونجێت. بەگوێرەی گشتاندنی پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق (ژمارە 395/4/9 لە رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2026)، سەقفی مانگانەی بەکارهێنانی کارتە پێشوەختە پارەدراوەکان (Prepaid) لە دەرەوەی عێراق بڕەکەی 5 ملیۆن دیناری عێراقی بوو (کە بە نرخی فەرمیی ئەو کاتە - 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک - دەیکردە نزیکەی 3,289 دۆلار). هەروەها بڕیارەکەی مانگی رابردوو تەنیا بۆ بازاڕکردن لە رێگەی ئامێرەکانی پارەدان (POS) لە دەرەوەی وڵات دیاریکرابوو، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە، بانکی ناوەندی سنوورەکەی بۆ 4,000 دۆلار بەرزکردەوە و سەرجەم کەناڵەکانی دیکەشی (وەک راکێشانی پارە لە ATM و بازرگانیی ئەلیکترۆنی E-Commerce) گرتەوە. لەوبارەوە زیاء تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانکی ناوەندی ئاستی خواستی بەرزکردووەتەوە و هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی بازاڕ بکات، چونکە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە بازاڕدا گەیشتووەتە نزیکەی 172 هەزار دینار." زیاء تائی ئاماژەی بەوەش کرد: "بانکی ناوەندی هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەو بڕیارانەوە بەهای دینار بەرزبکاتەوە. با بزانین دواتر چی بڕیارێکی دیکە دەردەچێت و بە هیواین ئەنجامی هەبێت."
عێراق16-11-2026چوارچێوەی هاوئاهەنگی: میوانداریی شاندێکی سلێمانیمان کرد و بەردەوامیی دیالۆگمان دووپاتکردەوە
عێراق16-11-2026پەرلەمانتارێک: لە جورف نەسر بۆرییەکی نەوت کون کراوە و رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێبراوە