رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری کۆبوونەوە. ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، بڕیارە میوانداری نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەریمی کوردستانیش بۆ لیژنەکەیان بکەن.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، میوانداریی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقیان کرد.
ئەو لیژنەیە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و بڕیارە تاوەکو رۆژی چوارشەممە (18ی تشرینی دووەم) راپۆرتێک لەبارەی ئەو دۆسیەیە ئامادە بکات.
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە میوانداریی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکرێت، بەڵام رۆژی میوانداریکردنەکە دیاری نەکراوە."
ئەو لیژنەیە لەدوای ئەوە پێکهێنرا کە حکومەتی فیدراڵی رێکاری لەدژی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جرفولسەخر لە پارێزگای بابل گرتەبەر، کە لە ژێر هەژموونی کەتیبەکانى حیزبوڵڵادایە. گرووپەکە بەشێکە لە گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق، کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
رێکارەکانی بەغدا لەدوای راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق گیرایەبەر کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە ، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
لەدوای کۆتایی کۆبوونەوەکەی دووشەممەی لیژنەی بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت، عەلی ئەنهیر، ئەندامی لیژنەکە بە میدیای فەرمیی عێراقی گوتووە: "کامێراکانی چاودێری ئەوەیان تۆمارکردووە کە 25 تانکەر بەکارهێنراون بۆ بەقاچاخبردنی نەوت لە جرفولسەخر کە هەریەکەیان 36 هەزار لیتری گواستووەتەوە."

