رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، دادگەی تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر شەش چەکداری هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسیدا سەپاندووە، ئەوەش بە تاوانی ئەندامبوونیان لە رێکخراوی داعش. کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی لەم دۆسیەیەدا سزادراون گەیشتووەتە 16 سزادراو.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (18ی تشرینی دووەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانیشتنی دادگە بۆ سزادانی ئەو شەش چەکدارە فەرەنسییە، بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق بەڕێوەچووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بە دەرچوونی سزا بۆ ئەم شەش کەسە، کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی لەم دۆسیەیەدا سزادراون گەیشتووەتە 16 سزادراو، کە پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) وەریانگرتبوونەوە.
سزاکان بەپێی حوکمەکانی مادەی (4/1) و بە ئاماژەدان بە مادەی (2/1 و 3)ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (13)ـی ساڵی 2005 و بە پشتبەستن بە مادەی (132/1)ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرچوون.

