رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ تەرخانکراوی دارایی پێویست بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و تەکنەلۆژیا سەربازییە نوێیەکان.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزارەتی دارایی راسپاردووە پارەی پێویست دابین بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو جۆرە بەرگرییانەی توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاستی پێشکەوتووی هەڕەشەکانی جیهانیان هەیە، بە شێوەیەک کە پاراستنی ژینگەی ئابووریی عێراق و جومگە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئابووریی وڵات مسۆگەر بکات.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق لە کاتێکی زووەوە پێویستیی دەوڵەت، هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی بە پاڵپشتیی زیاتر لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا دەستنیشان کردووە، بەتایبەت لەگەڵ پێشکەوتنی ئەو تەکنەلۆژیایانەی لە جەنگەکانی ناوچەکە و جیهاندا بەکاردەهێنرێن و گوتی، "چیدی گونجاو نییە مامەڵە لەگەڵ جەنگ و ئامرازەکانیدا بکرێت بە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایانەی 20 ساڵ پێش ئێستا بەکاردەهێنران."
عەبودی روونیشیکردەوە، جەنگە مۆدێرنەکان ئێستا پشت بە شێوازی تێکەڵ و پێشکەوتوو دەبەستن لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامراز و شێوازی بێپێشینەوە. جەختیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کە سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتییان دەکات، بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کڕینی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانیان دەکەن، ئەویش بەپێی خشتەیەکی کاتی و رێکاری دیاریکراو.

